محەممەد خورشید: پارتی دەیەوێت ئەو سیاسەتە چەوتەی لە کەرکووک پەیڕەو دەکرێت راستبکرێتەوە
K24 – هەولێر
یاریدەدەری سەرۆکی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان رایگەیاند، دەیانەوێت ئەو سیاسەتە چەوتەی دوای 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک پەیڕەو دەکرێت راستبکرێتەوە.
محەممەد خورشید، یاریدەدەری سەرۆکی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان، بە کوردستان24ی گوت: "دوای بڕیاری سەرۆک بارزانی بۆ کردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، ئەمڕۆ بارەگای لقی 3ی پارتی لە کەرکووک کرایەوە".
جەختیکردەوە: "پارتی هەر لە سەرەتاوە هەوڵی بۆ پێکەوەژیانی پێکهاتەکان داوە، ئێستاش هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئارامی و سەقامگیری لە کەرکووک و پەرەپێدانی خەباتی ئاشتیانە، بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتە چەوتەی لە رابردوو کراوە، بە دروستکردنی جیاوازی لەنێوان پێکهاتەکان راستبکرێتەوە".
داواشی لە کوردستانیان لە سنووری پارێزگای کەرکووک کرد لە رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن، بۆ ئەوەی بە دەنگی ئەوان و هەڵبژاردنی کاندیدە راستەقینەکان بتوانرێت لە داهاتوودا دۆخی شارەکە بگۆڕن.
محەممەد خورشید، گوتیشی: "دوای راپرسی لەسەر دەستووری عێراق ئەمە یەکەم جارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بکرێت، بۆیە دوای ئەو بارودۆخەی کە لە 16ی ئۆکتۆبەر بەسەر کەرکووک هاتووە و دەسەڵاتێکی سەپێندراو لە شارەکە هەبووە، پارتی دەیەوێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە رێگەی نوێنەرە راستەقینەکان ئیدارەی شارەکە بکرێت و کەرکووک بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی".
سەبارەت بەوەی کە ئێستا هیچ رێگرییەک هەیە لە کەرکووک بۆ پارتی لەو شارە، محەممەد خورشید گوتی: "دوای ئەوەی لەماوەی رابردوو لەلایەن چەند کەسێکەوە پۆستەری کاندیدەکانی ئێمە دڕێنران، لە دیدارێکدا سەرۆک بارزانی رێنمایی هەموو کادیرەکانی ئێمەی کرد کە هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر ئەو شتانە نەبێت کە دەبنە هۆی پشێوی لە شارەکەدا، ئێمە نامانەوێت گرفتەکان گەورە بکەین، بەڵکو ئەگەر گرفت هەبێ نایان هێڵین".
ئاماژەی بەوەشدا: "پێشوازی گەرمی خەڵکی کەرکووک لە پارتی، پەیامێکی روونە بۆ ئەوەی لایەنەکان بزانن سەنگ و قەبارەی پارتی چەندە، زۆر لەوە گەورەترە کە هەندێک لایەن لێکی دەدەنەوە، پەیامی ئێمەش بۆ لایەنەکان ئەوەیە کە پێکەوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کەرکووک کار بکەین".