بەڕێوەبەری "سی ئای ئەی" بە ئامانجی درێژکردنەوەی ئاگربەست لە غەززە گەیشتە قەتەر

K24 – هەولێر:
ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای "سی ئای ئەی" ئەمەریکا، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک بە ئامانجی درێژکردنەوەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس گەیشتووەتە وڵاتی قەتەر.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا "سی ئای ئەی"، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک بە ئامانجی درێژکردنەوەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس گەیشتووەتە وڵاتی قەتەر.
رۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، بەڕێوەبەری "سی ئای ئەی"، فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل و حەماس بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە لەپێناو ئازادکردنی گشت بارمتەکان، لەنێویاندا ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەش کە لە ماوەی شەڕەکەدا لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراون.
رۆژی دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) بە نێوەندگیری قەتەر ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە.
ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی (24ـی تشرینی دووەمی 2023)، چووە بواری جێبەجێکردنەوە، تائێستا زیاتر لە 50 بارمتەی ئیسرائیلی و 150 زیندانی فەڵەستینی ئازادکراون.
لای خۆیەوە یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) سەربازانی وڵاتەکەی لە کەرتی غەززە بەسەرکردەوە، کە سوپای ئیسرائیل بەشێکی غەززەی داگیرکردووە و گەمارۆی سەری توند کردووە و بە هێرشەکانی کاولکاری تێدا زیاتر کردووە.
گالانت، گوتی: دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستی مرۆیی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل توندتر و بەدرێژایی هەموو کەرتی غەززە دەبێت.
گوتیشی: "هەتاوەکو کارەکەمان لە کەرتی غەززە تەواو نەبێت وازناهێنین".