تەندروستی غەززە: 184 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون
K24 - هەولێر
دوای ئەوەی بۆ ماوەی هەفتەیەک ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل راگەیەندرا و رۆژی پێنجشەممە دوا رۆژی ئاگربەستەکە بوو، لە رۆژی هەینی جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادانەکان لە کەرتی غەززە دەستیپێکردەوە، هاوکات نێوەندگیرەکان دەڵێن، بۆردومانەکانی ئیسرائیل هەوڵەکان بۆ راگرتنی شەڕ ئاڵۆزتر دەکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسانی تەندروستی غەززە رایانگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێی ئیسرائیل 184 کەس کوژراون و لانیکەم 589 کەسی دیکەش برینداربوون و زیاتر لە 20 ماڵیش وێران بووە.
هەردوولا بەرەتکردنەوەی مەرجەکانی درێژکردنەوەی ئاگربەست یەکتریان تۆمەتبارکرد و بەرپرسیارێتی رووخانی ئاگربەستەکەیان خستە ئەستۆی یەکتر.
یەنس لارکێ، گوتەبێژی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە ژنێڤ، گوتی: دۆزەخ لەسەر زەوی گەڕاوەتەوە بۆ کەرتی غەززە.
مارتن گریفیس، رێکخەری فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "رۆژی شەممە، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، هەواڵی کوژراو و برینداربوونی دەیان کەس بڵاوکرایەوە، فەرمان بە خێزانەکان درا کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەنەوە، هیواکان لەناوچوون". مندال و ئافرەتان و پیاوان شوێنێکی سەلامەت نییە بۆی بڕۆن.
ئاگربەستەکە کە لە 24ـی تشرینی دووەمەوە دەستیپێکرد، دووجار درێژکرایەوە و ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئەگەر حەماس رۆژانە 10 بارمتە ئازاد بکات، ئەوە ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت. بەڵام دوای حەفت رۆژ لە ئازادکردنی ژن و منداڵ و بارمتە بیانییەکان، نێوەندگیرەکان نەیانتوانی رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئازادکردنی بارمتەی زیاتر، بەتایبەت سەربازان و هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل.
بەرپرسێکی فەڵەستینی رایگەیاند، داڕمانی ئاگربەستەکە دوای ئەوە روویدا، کە ئیسرائیل داوای ئازادکردنی سەربازە ژنەکانی لە بزووتنەوەی حەماس کردووە.