شا چارڵز لە رێگەی بۆینباخەکەیەوە پەیامێکی سیاسی بۆ ریشی سۆناک دەنێرێت

K24 - هەولێر
شا چارڵزی سێیەم رۆژی هەینی مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کاتێک لە لوتکەی کەشوهەوای COP28 بۆینباخێکی لەبەردابوو کە نەخشی ئاڵای یۆنان لەسەرە، ئەمەش چەند رۆژێک دوای ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان حکومەتی بەریتانیا و یۆنان لەسەر پەرستگاکانی پارتینۆن هات، کە ئەو پەرستگایە هی سەردەمی ئیغریقییەکانە.
زۆرێک لە یۆنانییەکان ئەو پەیوەندییەیان وەک ئاماژەیەک بۆ هاودەنگی لەگەڵ دۆزی خۆیان لێکدەدەنەوە. چونکە باوکی شا چارڵز، شازادە فیلیپی کۆچکردوو، لە بنەماڵەی شاهانەی یۆنانی لەدایک بووە و چارڵز پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەم وڵاتەدا هەیە.
لە لایەکی دیکەوە کۆشکی باکینگهام رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر بۆینباخەکەی پاشا بدات، کە مەندیلەکەی گیرفانی لە رەندی شین و سپی پێکهاتبوو.
رۆژی شێشەممەی رابردوو، بڕیاربوو ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لەگەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی حکومەتی ئەسینا.
سوناک سەرۆکی یۆنان تۆمەتبار دەکات بە شکاندنی بەڵێنەکەی بۆ ئەوەی بە ئاشکرا داوای گەڕاندنەوەی ئەو پەیکەرە کۆنانە نەکات، کە دوو سەدە لەمەوبەر لە پەرستگای پارتینۆن لە ئەسینا وەرگیراون و ئێستا لە مۆزەخانەی بەریتانیا دان.
حکومەتی یۆنان رەتیدەکاتەوە میتسۆتاکیس لە سەردانەکەیدا بۆ لەندەن رەزامەندی دەربڕیبێت بۆ ئەوەی فشار نەخاتە سەر بەریتانیا بۆ گەڕاندنەوەی پەیکەرە مەڕمەڕییەکان.
بەپێی یاسا قەدەغەیە مۆزەخانەی بەریتانیا پەیکەرەکان بگەڕێنێتەوە بۆ یۆنان، بەڵام بەرپرسانی ئەو مۆزەخانەیە لەگەڵ بەرپرسانی یۆنان گفتوگۆیان کردووە سەبارەت نەگەڕاندنەوەی ئەو مەڕمەڕانە، هەروەها پێدانی قەرزی درێژخایەن بە یۆنان لەبەرامبەر نەگەڕاندنەوەی ئەو مەڕمەڕانە.
سەرۆکی دەستەی ئەمینداری مۆزەخانەکە، جۆرج ئۆزبۆرن، سوناک تۆمەتبار دەکات بەوەی "گێژاویکی هیستریایی" لەسەر شتە کۆنەکان دروستکردووە و رایگەیاندووە کە ئەو دانوستانانە بەردەوام دەبن.
سوناک ئەو قسانەی پشتگوێ خست و رایگەیاند، ناتوانرێت ئەو مەڕمەڕانە بگەڕێندرێتەوە تاوەکو یۆنان دان بەوەدانەنێت کە خاوەنی یاسایی ئەو مەڕمەڕانە بەریتانیایە، ئەمەش کارێکە کە حکومەتی ئەسینای پایتەخت رەتیدەکاتەوە بیکات.