لیزا فەلەکەدین بۆ خەڵکی کەرکووک: بە دەنگەکانتان وەڵامی نەیاران بدەنەوە

K24 - هەولێر

یاریدەدەری سەرۆکی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک -گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوا لە خەڵکی کەرکووک و جەماوەری حزبەکەی دەکات، لە رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە دەنگەکانیان "وەڵامی نەیاران بدەنەوە".

لیزا فەلەکەدین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و یاریدەدەری سەرۆکی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک -گەرمیانی پارتی، بە کوردستان24ی گوتی: "پەیامی ئێمە وەکو پارتی لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی ئەوەیە کە بەرگری لە پێکەوەژیان بکەین لە کەرکووک، هەوڵبدەین ئەو پێکەوەژیانە بەهێزتر بکەین".

گوتیشی: "لە رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان خەڵکی کەرکووک دەتوانن بە دەنگەکانیان وەڵامی هەموو ئەو پڕوپاگەندانە بدەنەوە کە دەیانگوت پارتی ناتوانێت بە ئاڵا و شکۆوە بگەڕێتەوە کەرکووک، کە ئێمە پێشتر بە کردنەوەی بارەگای لقی سێ و پێشکەشکردنی بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە زانکۆی کەرکووک وەڵاممان داوەتەوە".

لیزا فەلەکەدین، راشیگەیاند: "ئێمە لە کەرکووک لەگەڵ خەڵکی خۆمان دەمێنینەوە، پێویستە کەرکووکییەکان و لایەنگرانی پارتی لە 18ی ئەم مانگە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە دەنگەکانیان وەڵامی نەیاران بدەنەوە".

لەبارەی پرسی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە دوای هەڵبژاردن، گوتی: "ئێمە ئێستا لە بانگەشەداین و هەموو لایەنەکان هەوڵدەدەن زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەست بێنن، پێم وایە هەنگاوە سەختەکە دوای هەڵبژاردن دەستپێدەکات، کە ئەوکات هەوڵدەدرێت بە رێککەوتن لەگەڵ ئەو لایەنەنانەی کورسی بە دەست دێنن بتوانین پارێزگارێکی دادپەروەر و میانڕەو دابنێین، بە یەک چاو خزمەتی هەموو کەرکووکییەکان بکات، بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەبینرێت جیاوازی زۆر لەنێوان پێکهاتەکان هەیە و گەڕەکە کوردنشینەکان لە خزمەتگوزاری بێبەشکراون".