عەقید سەفین تاهیر: حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی لە هەولێر کەمبووەتەوە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر رایگەیاند، بەپێی ئامارەکان، حاڵەکاتەکانی توندوتیژی خێزانی بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمبووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە،6ی کانوونی یەکەمی2023، عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی  ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "هەر لە دەستپێکی دامەزراندنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، پلانێکی زۆر باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دانرا، بۆ کەمکردنەوەی ئەو توندوتیژیانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن".

گوتیشی : "وەکو بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، ساڵانە پلانێکی زۆر باش دادەنرێت، بۆ ئەوەی ئەو توندوتیژیانەی کە هەن کەمبکرێنەوە، یەکێک لەو کارانەی کە توانیومانە ئەمساڵ کارێکی باشی لەسەر بکەین، نزیکەی 300 مامۆستای ئاینی کۆبکەینەوە بۆ سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیی و لیژنەی ئاشتەوایی و هێڵی گەرمی 119ی بەڕێوەبەرایەتی بێبەرامبەر کە 24 کاتژمێر کار دەکات بکەین، هەروەها بۆ راوێژی دەروونی کۆمەڵایەتی یاسایی کە هەر کەسێک پێویستی پێبێت دەتوانێت پەیوەندی بکات، یاخود سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکات".

عەقید سەفین تاهیر، رایگەیاند: "بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، سکاڵای خێزانی لە ساڵی 2023، 250 سکاڵا کەمترە بە بەراورد ساڵی 2022، توانیومانە ئەو توندوتیژییەی کە ساڵی رابردوو هەبوون ئەمساڵ کەمتری کەینەوە".

دەشڵێت: "توانیومانە لەگەڵ زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن، بەتایبەت زانکۆی سەلاحەدین و کۆلیژەکان، بەشی یاسا و ئاداب بتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن و بە پێچەوانەش تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی سەردانی ناوەندەکانی خوێندن بکەن، لە زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن، بۆ هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە ئەنجامی بدەن".

ئەوەشی خستەڕوو: "کاری لە پێشینەی ئێمە ئەوەیە چۆن بتوانین زیاتر خەڵکی هۆشیاربکەینەوە، بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی، لە شاری هەولێر خەڵکی زیاتر هۆشیار بووەتەوە و زیاتر پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 119 دەکەن و سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکەن، هەروەها لەناو هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان سەنتەرێکی راوێژکاری خێزانیمان هەیە، کە پێشوازی لەو پەڕاوانە دەکات بۆ ئەوەی پەرەنەسەنێت و بڕواتە دادگا، کێشەکانیان لە دادگا گەورەتر نەبێت، ئێستا زۆربەی هاووڵاتیانی شاری هەولێر هۆشیارترن و سەردانی سەنتەری راوێژکاری خێزانی دەکەن".

Fly Erbil Advertisment