دیموکراتەکانی ئەنجومەنی پیران داوای راگرتنی کوشتنی "فەڵەستینییەکان" دەکەن

K24 - هەولێر
کۆمەڵێک لە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا داوایان لە ئیدارەی جۆ بایدن کرد هەوڵی زیاتر بدات بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە غەززە.
لە راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست هاتووە، کۆمەڵێک لە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا لە نامەیەکدا نووسیوویانە، ئەمەریکا دەبێت دڵنیابێت لەوەی کە ئەو چەکانەی بۆ ئیسرائیل دەنێردرێت بە شێوەیەک بەکارنەهێنرێن کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکات.
ئەوان نیگەرانی خۆیان لە "نەبوونی شەفافیەت" لە گواستنەوەی چەکی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل دەربڕی.
ئەم هەوڵانە لە ئەنجومەنی پیران لەلایەن سیناتۆر ئەلیزابێس وارن سەرپەرشتی دەکرێن، هاوکات سیناتۆر بێرنی ساندەرز، یەکێک لە واژۆکارانی نامەکە، گوتی پێویستە "مەرج دابنرێت بۆ یارمەتیدانی ئیسرائیل".
هەروەها سیناتۆر تیم کەین و مارتن هاینریچ و جێف مێرکلی نامەکەیان واژۆ کردووە و کۆمەڵێک پرسیاریان لە ئیدارەی بایدن کردووە سەبارەت بە هەڵوێستی ستراتیژی سەربازی ئەمەریکا بەرامبەر بە ستراتیژی سەربازی ئیسرائیل.
ڕۆژی چوارشەممە، ئەندامانی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا رێگرییان لە داواکارییەک کرد کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە پێشکەشکرابوو بۆ پەسەندکردنی پاکێجێکی هاوکاری فریاگوزاری بە بەهای 106 ملیار دۆلار، کە بە پلەی یەکەم سوودی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل دەبێت، چونکە ئەو پاکێجە چاکسازییانەی کۆچبەری تێدا نەبوو کە داوای دەکەن.
بایدن ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو بۆ ئەوەی "سازشی گەورە" لەگەڵ کۆمارییەکان بکات، چونکە بەربەستن لە ئازادکردنی ئەو 60 ملیار دۆلارەی کە بۆ ئۆکرانیا تەرخانکراوە، ئەوان دەیانەوێت ئەو پارەیە بە ئامانجی دەرکردنی رێوشوێنی توند دژی کۆچبەران لە سنوورەکانی مەکسیک خەرج بکرێت.
لە دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا، هێزەکانی ئیسرائیل هەڵمەتێکی ئاسمانی و زەمینیان دژی بزووتنەوەی حەماس دەستپێکردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی 16 هەزار و 248 فەڵەستینی،لە کاتێکدا بەگوێرەی ئامارەکانی ئیسرائیل هەزار و 200 کەس لە هێرشەکەی حەماسدا کوژراون.