370 راگیراو و سزادراو لە چاكسازیی ئافرەتان و نەوجەوانانی هەولێر هەن

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری بەشی هاوئاهەنگیی چاكسازیی ئافرەتان و نەوجەوانانی هەولێر دەڵێت، "حوكم و تۆمەتی زۆرینەی سزادراو و راگیراوانی چاكسازیی ئافرەتان و نەوجەوانانی هەولێر، جیاوازە و سزادراو و ڕاگیراو لەسەر هەموو مادەیەك هەن".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 07ـی کانوونی یەکەمی 2023، هاوكار عوسمان، بەڕێوەبەری بەشی هاوئاهەنگیی چاكسازیی ئافرەتان و نەوجەوانانی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "37 دۆسییەی سزادراوی کوڕمان هەیە و 82 راگیراوی کوڕیش هەیە. لە سزادراوی ئافرەتانیش 57 دۆسییە پێکدێت، لەگەڵ 194 راگیراوی ئافرەتان هەیە، کۆی گشتی هەردووکیان بە رێژە 370 دۆسییە بۆ ئەمڕۆ".

بەڕێوەبەری بەشی هاوئاهەنگیی چاكسازیی ئافرەتان و نەوجەوانان گوتیشی: "هۆکاری سزادان و راگرتنی زۆرینەی ئەوانەی لە نەوجەوانانی کوڕانن، دزییە کە 46 دۆسییەیە، دوای ئەو ماددەکانی تاوانەکانی لادان لە رەوشت و  ئادابی گشتی دێت کە لە 17 دۆسییە پێکدێت، دواتر ماددەی هۆشبەر لە 11 دۆسییە و 11 دۆسیەش تاوانەکانی کوشتن دێت".

هاوکار عوسمان راشیگەیاند: "لە سزادراو راگیراوانی ئافرەتانیش هەموو جۆرە ماددە و یاسایەک لەخۆ دەگرێت، زۆرترین رێژەی ئافرەتان لای ئێمە بە سزادراو راگیراوەوە ماددەی هۆشبەرە، کە 55 دۆسییە پێکدێت، دوای ئەو ماددەی دزی دێت کە 40 دۆسییەیە، ماددەکانی کوشتن 30 دۆسییە، کۆتا ماددە کە پەیوەندییان بە تاوانەکانی لادانی رەوشت دێت 22 دۆسییە".

ئامادەکردن: لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment