ئەمەریکا رێگری لە پرۆژە بڕیاری راگەیاندنی ئاگربەست کرد لە غەززە

K24 - هەولێر
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی شکستی هێنا لە پەسەندکردنی پرۆژە بڕیارێک لەسەر راگرتنی شەڕی کەرتی غەززە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا ڤیتۆی خۆی بەکارهێنا لە بەرامبەر پەسەندکردنی رەشنووسی پڕۆژەکە.
ئەنجومەنی ئاسایش تاوتوێی ئەو پڕۆژەیەی کرد، کە لە لایەن نوێنەرایەتی ئیماراتەوە پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرابوو، کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بە هۆکاری مرۆیی داوای بڕیارێکی بەپەلەی کرد بۆ راگرتنی شەڕ لەکەرتی غەززە.
13 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پاڵپشتیان لە رەشنووسەکە کردووە و کە بەریتانیاش خۆی لە دەنگدان بەدوور گرت، ئەمەریکاش ڤیتۆی خۆی بەکارهێنا لە دژی رەشنووسەکە.
نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆبەرت وود، رایگەیاند، واشنتن پێشنیاری داڕشتنی دەقێکی بنیاتنەری بۆ رەشنووسی بڕیارنامەکە کردووە، ئەویش داوای ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەستی مرۆیی دەکات.
رۆبەرت وود، ئاماژەی بەوەشکرد: راسپاردەکانمان پشتگوێ خراون، پرۆژەکەش ناهاوسەنگ بوو و دوور بوو لە راستییەوە، بۆیە نەمانتوانی پشتگیری لێبکەین.
محەمەد بوشهاب، جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وتارێکیدا لەبەردەم ئەنجومەنەکەدا، پێش دەنگدان لەسەر رەشنووسی بڕیارنامەکە، داوای راگرتنی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد و رایگەیاند، دەبێت هاوکارییە مرۆییەکان بەو شێوەیەی کە پێویستە بگەیەنرێت بە هاووڵاتیانی کەرتی غەززە، دەشڵێت: "پێویستە ژیانی زیاتری خەڵک رزگار بکرێت".
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حهماس له 7ـی ئۆكتۆبهری رابردوو دەستیپێکردووە، کە بووه هۆی كوژرانی 1200 ئیسرائیلی و زیاتر له 16 ههزار فهڵهستینی له كهرتی غهززه، كه زۆربهی كوژراوه فهڵهستینییهكان ژن و منداڵن.
لە ساڵی 1945 لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و دروستبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی ڤیتۆ بەخشراوە بە 5 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، كە لە 15 ئەندام پێكهاتووە و دابەش دەكرێن بۆ دووبەش، یەكەمیان ئەندامە هەمیشەییەكانن كە ژمارەیان 5 ئەندامە، هەروەها ناهەمیشەییەكان كە ژمارەیان 10 ئەندامە، ئەندامە ناهەمیشەییەكان دووساڵ جارێك دەگۆڕدرێن لە رێگەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، كە هەڵبژاردنیان بەپێی توانایانە بۆ هێشتنەوەی ئاشتی و ئاسایشی نەتەوەیی.
یاسای ڤیتۆ ئەوەیە کە هەر ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران تەنیا یەک دەنگی هەیە، بۆ جێبەجێکردنی هەر بریارێک لەسەر بابەتێك پێویستی بە نۆ دەنگ هەیە، دەنگی ئەندامە هەمیشەییەکان دەبێت لە نێویاندا هەبێت و دوا بڕیار بۆ ئەم ئەندامانە دەگەڕێتەوە، چونكە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەرکی سەرشانیانە، هەروەها ئەو دەوڵەتانەی كە ناكۆكیان هەیە ناهێڵرێت دەنگ بدەن.