بەر لە کۆبوونەوەی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا نرخی نەوت دابەزی

K24 - هەولێر
نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا زیاتر لە سەدا 3ـی نرخەکەی لەدەستدا و بۆ کەمترین ئاستەکانی شەش مانگی رابردووی دابەزی، مەترسی خواست و زیادەی خستنەڕوو باڵی بەسەر بازاڕی وزەدا کێشاوە.
لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی شوبات بە رێژەی سەدا 0.45 بۆ 72.91 دۆلار دابەزی، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی کانوونی دووەم بە رێژەی سەدا 0.42 بۆ 68.32 دۆلار دابەزی.
نرخی نەوت لە مامەڵەکانی دوێنێ سێشەممەدا کاریگەر بوو بە خوێندنەوەی یەکەمی داتای هەڵاوسانی ئەمەریکا، کە ئاماژەیەکی بەهێز بوو بەوەی لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا روو لە دابەزاندنی رێژەی سوو دەکات.