دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە بلۆککردنی سەرجەم "سایتە نەشیاوەکان"

K24 - هەولێر
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە را‌گرتن و بلۆککردنی سەرجەم "سایتە نەشیاوەکان" لە سەرتاسەری وڵات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-12-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دادگاکە بڕیاری "وەلائی" دەرکردووە بە مەبەستی را‌گرتن و بلۆککردنی سەرجەم سایتە نەشیاوەکان (پۆرنۆگرافی) لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە.
بڕیارەکە لەسەر داوای سکاڵاکار باسم خەزعەل خەشان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرکراوە.
دادگاکە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارەکە لەسەر بنەمای ماددەی 39 لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکە، ژمارە 1 ساڵی 2022 دەرکراوە. دادگاکە وەزارەتی پەیوەندییەکان و سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پابەندکردووە بە را‌گرتن و بلۆککردنی هەموو سایتە نەشیاوەکان لە سەرتاسەری عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە؛ حکومەتی عێراق لە ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئێستا کردنەوەی زیاتر لە چوار هەزار سایتی نەشیاوی قەدەخەکردووە و فلتەری خستوونەتەسەر، بەڵام بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت هەر سایتەکان دەکەنەوە و فلتەرشکێن (ڤی پی ئێن) بەکاردەهێنن.
بە گوێرەی ئامارێکی كۆمپانیای (سمێر وێب)ـی به‌ریتانی كه تایبه‌ته به توێژینه‌وه‌ی سایته ئەلكیترۆنییه‌كان، عێراق له ریزبه‌ندی یه‌كه‌می وڵاتانی عه‌ره‌بییه بۆ سه‌ردانیكردنی سایته نەشیاوەکان، هه‌روه‌ها سایته‌كانی پۆڕنۆ له ریزبه‌ندی چواره‌م دێن له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌سه‌ردانیكردنی له‌دوای سایته‌كانی، بازاڕکردن، قومار و یارییه ئەلكیترۆنییه‌كان.