سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان بۆ زەیدی: تاوانبار نیم و خۆم دەچمە بەردەم دادگا

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێویست ناکات هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی ڕابسپێردرێن، چونکە ئەو یاساشکێن نییە و بە پێی خۆی دەچێتە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. مستەفا دوعەیڕ ئەلمحەمەداوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان، پەیامێکی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و تیایدا هاتووە "پێویست ناکات فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنم رابسپێردرێت، چونکە من نە تاوانبارم و نە لە یاسا دەرچووم، بەڵکو نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی یاسادانان دەکەم لە پارێزگای میسان؛ پیاوی دەوڵەتم، رۆڵەی عەشیرەتێکی گەورە و ڕەسەنم و سەر بە لایەنێکی سیاسی و جیهادیی ڕێزدارم."

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان ئاماژەی بەوە کردووە، لە پێناو بەرگریکردن لە مافی پارێزگاکەی و بەهۆی متمانەی بە دادپەروەری ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە و دەڵێت: "لە سۆنگەی باوەڕ و متمانەی تەواوم بە دامەزراوەی دادوەریی عێراق و دادپەروەرییەکەی، هەروەها لەسەر بنەمای باوەڕم بە دۆزەکەم و بەرگریکردن لە مافەکانی پارێزگای میسان، خۆم دەچمە بەردەم دادگا."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەلمحەمەداوی سوپاسی دانیشتووانی میسان و هەموو ئەو کەسانەی کرد کە پشتیوانییان لە هەڵوێستەکەی کردووە لە رەتکردنەوەی بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی "شەیب" (لە نێوان عێراق و ئێران).