رووماڵ

لە هەولێر دەنگدەرانی تایبەت لە 19 بنکە دەنگ دەدەن

K24 - هەولێر

لە سنووری پارێزگای هەولێر 19 بنکەی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کراونەتەوە، کە  دابەشکراوە بەسەر 49 وێستگە.

چەتۆ حەسەن، بەرپرسی یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانە لە هەولێر، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر 19 بنکەی دەنگدان هەیە کە  دابەشکراوە بەسەر49 وێستگە، بۆ ئاوارەکانی مووسڵ و ئێزدییەکان و هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی عێراق کە لە هەولێر مافی دەنگدانیان هەیە.

گوتیشی: "پێش دەستپێکردنی پرۆسەکە هەموو ئامادەکارییەکان کراوە و تائێستا هیچ گرفتێکمان نییە، لە کاتژمێر 7ی بەیانییەوە پرۆسەی دەنگدان دەستیپێکردووە".

راشیگەیاند: "لەم بنکە دوو وێستگە هەیە، یەکێکیان لە 450 ئەوی دیکەی 320 کە 770 کەس دەتوانن دەنگ بدەن".

چەتۆ حەسەن، ئاماژەی بەوەدا، "لە پرۆسەی دەنگدان ئامێری زۆر بەکاردەهینرێت، بۆیە رەنگە پرۆسەکە هەندێک بە سستی بەڕێوەبچێت، بۆ هەر دەنگدەرێک دوو بۆ سێ خولەکی پێویستە، ئەگەر پاڵەپەستۆ نەخرێتە سەرمان هەمووی دەتوانێت دەنگی خۆی بدات بەبێ هیچ کێشەیەک".

ئەوەشی خستەڕوو، یەک پێنوسی مۆر کە هی کۆمسیۆنە بەکاردەهێنرێت و بەو پێنووسە دەنگی خۆیان دەدەن، ئامێرەکان هەموویان تاقیکراونەتەوە تائێستا هیچ کێشەیەکیان نییە، لە کاتژمێر شەشی بەیانیش هەموو کامێراکانی چاودێری خراونەتەکار و لەژێر چاودێری کۆمسیۆندان تاکو کۆتایی پڕۆسەکە و کۆکردنەوەی ئامێرەکان.

روونیکردەوە، پێویستە ئەو دەنگدەرانە کارتی بایۆمەتری لەگەڵ بەڵگەنامەیەکی پێبێت، بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت کە ئەو دەنگدەرە خۆیەتی.

 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تاکو کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت، بەگوتەی بەرپرسانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کاتەکە درێژ ناکرێتەوە، کاتژمێر شەشی ئێوارە ئامێرەکانی دەنگدان بەبێ دەست لێدان بەشێوەی ئۆتۆماتیکی خۆیان دەکوژێتەوە.