دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتاییهات

دەنگدانی تایبەت کۆتاییهات
دەنگدانی تایبەت کۆتاییهات

K24 – هەولێر:

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتاییهات و بنکەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق داخران.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و دەستپێکردنی پرۆسەی جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگەکان و چاپکردنی راپۆرتی ئەنجامەکانی راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە بەشداری هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان بەڕێوەچوو کە ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 600 بنکەی دەنگدانیان بۆ ئامادەکرابوو کە دوو هەزار و 477 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

له‌ پارێزگای هه‌ولێر 20 هه‌زار و 515 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و به‌سه‌ر 19 بنكه‌ی ده‌نگدان دابه‌شكراون، به‌ شێوه‌یه‌ك، 15 هه‌زار و 492 كه‌س ده‌نگده‌ری تایبه‌تن و به‌سه‌ر 12 بنكه‌دا دابه‌شكراون، له‌گه‌ڵ 5 هه‌زار و 23 ئاواره‌ كه‌ 7 بنكه‌ی ده‌نگدان بۆیان ته‌رخان كرابوو.

له‌ پارێزگای سلێمانی 27 هه‌زار و 217 ده‌نگده‌ر به‌سه‌ر 20 بنكه‌ی ده‌نگدان دابه‌شكراون، له‌و ژماره‌یه‌ش 23 هه‌زار و 402 كه‌س ده‌نگده‌ری تایبه‌تن به‌سه‌ر 15 بنكه‌دا دابه‌شكراون 3 هه‌زار و 815 كه‌سیش ئاواره‌ن و 5 بنكه‌ی جیاواز بۆیان دیاریكرابوو.

لە‌ پارێزگای دهۆك 54 هه‌زار و 210 كه‌س له‌ دهۆك مافی به‌شداریكردنیان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان عێراق هه‌یه‌ و 34 بنكه‌یان بۆ دیاریكراوه‌، به‌جۆرێك كه‌ له‌ كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ 14 هه‌زار و 788 كه‌س ده‌نگده‌ری تایبه‌تن و به‌سه‌ر 11 بنكه‌دا دابه‌شكراون، كه‌چی ئاواره‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ ژماره‌یان زیاتره‌ و 39 هه‌زار و 422 كه‌س له‌ 23 بنكه‌ ده‌نگیاندا.

رۆژی 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 766 بنکەی ده‌نگدان کە لە 38 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەم هەڵبژاردنەدا، 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێ لەسەر 275 کورسی لە هەر 15 پارێزگاکە دەکەن کە کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن.