کوردستان24 رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڵاودەکاتەوە

K24 – هەولێر:
دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەگوێرەی ئامارەکان رێژەی بەشداریکردن لە بەرزبووە، بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرانی کوردستان24، زۆرترین رێژەی بەشداری لە کەرکووک و کەمترین رێژەی بەشداریش لە بەغدا بووە.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکانی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رێژەی بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لەو پارێزگایە گەیشتە 80%.
هاوکات نووسینگەی دیالەی کۆمیسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکردووە، رێژەی بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لەو پارێزگایە گەیشتە 78%.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە سێ بنکەکەی هەڵبژاردن بۆ دەنگدانی تایبەت لە بنکەی مەریوان بریتی بوو لە 97% و بنکەی شەهیدانی کوڵەجۆ رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان 89% بوو، لە بنکەی دووەمی شەهیدان لە کوڵەجۆ، بریتی بوو لە 94%.
هەروەها لە قەزای شێخان، رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەپێی ئامارەکانی کۆمییسۆن گەیشتە 69.3%.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لەکۆیە یەک بنکەی دەنگدان هەبوو لەکۆی (1310) دەنگدەر (1302) کەس دەنگی داوە کە رێژەی بەشدایکردن دەکاتە 99.8%.
رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
پارێزگای دیالە: 78%
پارێزگای واست: 72%
پارێزگای دیوانییە: 77%
پارێزگای زیقار:72%
پارێزگای بەسرە:72%
پارێزگای کەربەلا: 69%
پارێزگای نەجەف: 68%
پارێزگای موسەننا: 82%
پارێزگای نەینەوا: 75%
پارێزگای کەرکووک: 70%
پارێزگای سەڵاحەددین: 76%
پارێزگای میسان: 67%
پارێزگای بابل: 72%
پارێزگای سلێمانی: 91%
پارێزگای دهۆک: 67.6%
پارێزگای بەغدا: 63%
پارێزگای هەولێر: 80%
پارێزگای ئەنبار: 63%
ئەمڕۆ شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە بەشداری هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان بەڕێوەچوو کە ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 600 بنکەی دەنگدانیان بۆ ئامادەکرابوو کە دوو هەزار و 477 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.