رووماڵ

بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان کێشەیان لە گواستنەوەی داتاکان بۆ بنکەی سەرەکی هەیە

ئامێرەکانی دەنگدان کێشەیان لە گواستنەوەی داتاکان هەیە
ئامێرەکانی دەنگدان کێشەیان لە گواستنەوەی داتاکان هەیە

K24 – هەولێر:

بەهۆی بوونی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان، لە بەشێک لە بنکەکانی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک داتاکان نەگوازراونەتەوە بۆ بنکەی سەرەکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە بەغدا.

پەیامنێرانی کوردستان24 لەمیانی رووماڵی بەردەوامیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئاماژەیان بەوەکرد، بەهۆی بوونی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان، بەشێک لە داتای دەنگدانی تایبەت بۆ بنکەی سەرەکی لە بەغدا نەگواستراوەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، فریاد ئەنوەر، ئەندامی بەشی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کێشەی تەکنیکی لە گواستنەوەی داتاکان هەیە و لەگەڵ کۆمیسیۆن لەسەر هێلن و لە چاودێریکردنی ناوەندەکانی دەنگدان بەردەوام دەبن و تا یەکلاییکردنەوەی ئەوە پرسە، سندووقەکانی دەنگدان جێناهێڵن.

هاوکات لەمیانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، بەهۆی کێشە تەکنیکییەکانی ئامێرەکانی دەنگدان لە سنووری کەمپەکانی خازر و حەسەن شام، زیاتر لە 500 ئاوارە بێبەش بوون لە مافی دەنگدان و نەیانتوانی دەنگی خۆیان بدەن.

هەروەها لە بنکەی ئەحمەدی خانی لە شاری هەولێر بەهۆی ئەوەی ئامێرەکانی دەنگدان پەنجەمۆری زیاتر لە 50 پێشمەرگەی نەخوێندەوە و کارتی بایۆمەتری دەنگدانیشیان هەبوو، هەموویان بێبەش بوون لە دەنگدان و سکاڵایان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن مافی دەنگدانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو بنکانەی کێشەی گواستنەوەی داتایان بۆ بنکەی سەرەکی هەیە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی کێشە ئەوا کۆمیسیۆن پشت بە هەژمارکردنی دەستی دەنگەکان دەبەستێت، هەروەها ئەو ئاوارە و پێشمەرگانەی لە دەنگدانی تایبەت بێبەش بوون لە دەنگدان ئەوا لە دەنگدانی گشتی کۆمیسیۆن رێگەیان پێدەدات بەشداری پرۆسەکە بکەن.

ئەمڕۆ شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە بەشداری هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان بەڕێوەچوو کە ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 600 بنکەی دەنگدانیان بۆ ئامادەکرابوو کە دوو هەزار و 477 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 07:00ـی بەیانی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو.

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگەیاند، رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی زیاتر زیاتر له‌ 67% بووه‌، بەشێوەیەک ژماره‌ی ده‌نگده‌ران زیاتر له‌ 706 هه‌زار کەس بوو.