سبەی 285 ئەندامی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق هەڵدەبژێردرێن

هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە سنووری دهۆک (وێنە: ئەلند ئەیووب - کوردستان24)
هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە سنووری دهۆک (وێنە: ئەلند ئەیووب - کوردستان24)

K24 - هەولێر

سبەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 285 ئەندامی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بەڕێوەدەچێت. زۆرترین کورسی بۆ پێکهاتەکان لە پارێزگاکانی بەغدا و نەینەوا دیاریکراون.

سبەی دووشەممە، 17-12-2023، عێراقییەکان لە 15 پارێزگا (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 285 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە لەو ژمارە 10 کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراون.

 بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی پلاندانان، پێکهاتەکان لە سەدا پێنجی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن و دابەشبوون بەسەر، کوردانی فەیلی، تورکمان، کلدان، کریستیان، سابیئەی مەندائی، ئێزیدی،ئاشووری و ئەرمەن.

بەپێی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 10 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ پێکهاتەکان دیاریکراون بەم شێوەیە: لە بەغدادی پایتەخت هەر یەکە لە کوردانی فەیلی، سابیئەی مەندائی و کرسیتیانەکان کورسییەکییان بۆ تەرخانکراوە. لە پارێزگای بەسرە کورسییەک بۆ کرسیتیانەکان و لە پارێزگای نەینەواش شەبەک، کرسیتیان و ئێزیدی هەر یەکەیان کورسییەکیان بۆ تەرخانکراوە. لەواست یەک کورسی بۆ کوردانی فەیلی، لە کەرکووک یەک کورسی بۆ کرسیتییانەکان و لە پارێزگای میسانیش کورسییەک بۆ سابیئەی مەندائی دیاریکراوە.

لە دەنگدانی گشتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق زیاتر لە 15 ملیۆن و 150 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بەسەر حەوت هەزار و 166 بنکەدا دابەشکراون.

کورسی پێکهاتەکان لەئەنجومەنی پارێزگاکان:

بەغدا

کوردانی فەیلی 1 کورسی

سابیئەی مەندائی 1 کورسی

کرستییانەکان 1 کورسی

بەسرە

کرسیتیانەکان 1 کورسی

نەینەوا

شەبەک 1 کورسی

کرسیتییانەکان 1 کورسی

ئێزیدی 1 کورسی

واست

1 کوردانی فەیلی

کەرکووک

1 کریستیانەکان

میسان

1 سابیئەی مەندائی


بەیانیی رۆژی شەممە، 17-12-2023، کاتژمێر 07:00ـی بەیانی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو. كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگەیاند، رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تی هه‌ڵبژاردنەکە زیاتر له‌ سه‌دا 67 بووه‌.

بەهۆی بوونی کێشەی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگدان، بەشێک لە داتای دەنگدانی تایبەت بۆ بنکەی سەرەکی لە بەغدا نەگواسترانەوە. هەر بەوهۆیەوە بەشێکی زۆری دەنگدەران لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان نەیاتوانی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن. 

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کێشە تەکنیکییانەی دوێنێ شەممە، 16-12-2023 لە هەندێک ئامێری دەنگدان دروستبوو، کاریگەری ناکاتە سەر هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە سبەی دووشەممە، 18-12-2023 دەکرێت.

جومانە غەلای گوتی، "هەژمارکردن و جیاکردنەوەی شێوازی دەستیی دەنگی وێستگەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی تایبەت لەگەڵ هەڵبژاردنی گشتی دەکرێت، واتا دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە رۆژی 18-12-2023".

Fly Erbil Advertisment