رووماڵ

چاودێرێکی هەڵبژاردنەکان: لە دەنگدانی گشتیدا 900 سەرپێچی تۆمارکراوە

K24 - هەولێر

حوسێن ئیبراهیمی، پسپۆڕ و شارەزا و چاودێری هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: 900 سەرپێچی لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا هەبووە، ئەم سەرپێچیانە لای ئێمە تۆمار کراون و بەرزکراونەتەوە بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، گەر پێویستیش بکات دەیدەینە دادگای فیدراڵی.

حوسێن ئیبراهیمی، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "وەکو چاودێرێکی هەڵبژاردنەکان سەربەخۆم و سەر بە کۆمسیۆن نیم، بۆیە باسی ئەو سەرپێچی و کێشانە دەکەم کە لە هەڵبژاردن هەبوو، یەکێک لەو بابەتانە ئامێرەکان کاریان نەکردووە، هەمان کێشە لە بابل و بەسرە، دیوانییە و کەربەلاش روویداوە، ئەو کێشيیە لەو ناوچانەش دروست بووە".

گوتیشی: "ئێمە وەکو تۆڕی رێکخراوەکان دوای ئەوەی چاودێری پڕۆسەکەمان کرد، بینیومانە کە 900 سەرپێچی لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا هەبووە، ئەم سەرپێچیانە لای ئێمە تۆمار کراون و بەرزکراونەتەوە بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، راپۆرت و سەرپێچییەکان بەرز دەکرێنەوە بۆ دەستە دادوەری کۆمسیۆنی باڵا، لەوێ بەدواداچوون دەکرێت و بەهەند وەردەگیرێت، لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر قسەی لەسەر دەکرێت، دوای ئەوەی ناوی براوەکان بە تەواوی رادەگەیەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر پێویست بکات پەنا بۆ دادگای فیدراڵیش دەبەین، بۆ ئەوەی ئەم سەرپێچیانەیان پێرابگەیەنین".

ئاماژەی بەوەشکرد: "سەرپێچییەکان زەرد و سەوز بوون سوور نەبووە، سەرپێچییەکان بەورادەیە بەرز نین، واتا کاریگەرییان لەسەر دەرئەنجامەکان نابێت، بەڵام ئێمە رێککارەکان دەگرینەبەر".

حوسێن ئیبراهیمی، ئەوەشی ئاشکرا کرد: "چەند لایەنێکی سیاسی هەبوو کە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردبوو، وەک رەوتی سەدر و تشرینییەکان و هەندێک لایەنی دیکە، لە بنەڕەتەوە هەڵبژاردنیان بایکۆت کردبوو بەشداریان نەکرد، بۆیە رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن کەمتر بوو".

ئەو چاودێرەی هەڵبژاردنەکان، ئەوەشی خستەڕوو: "لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 رێژەی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە کەمتر بوو، چونکە لە بنەڕەتدا جۆرێک دوورکەوتنەوە هەیە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ بەشداری کردن، باوەڕییان بە پڕۆسەی سیاسی نییە لە عێراقدا، دووپاتی دەکەمەوە ئەگەر لایەنەکان بەشدارییان بکردایە یاخود رەوتی سەدر کە رەوتێکی کەم نییە و لایەنگری زۆری هەیە، بۆیە ئەم بایکۆتە کاریگەری زۆری هەبووە".

کاتژمێر 7:00ـی بەیانی رۆژی دووشەممە 18/12/2023، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی گشتی مافی دەنگدانیان هەبوو، رۆژێک دوای هەڵبژاردن لە 19ی مانگ کۆمسیۆن ئەنجامە بەراییەکانی راگەیاند.