بروسک بەهائەددین: کۆمیدیا هونەرێکی زۆر قورسە

K24 - هەولێر
ئەکتەری کۆمێدیا بروسك بەهائەددین لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ کوردستان24 باسی دونیای کۆمێدیا و کار و پڕۆژە هونەرییەکانی خۆی دەکات.
کوردستان24: کێشەکانی بەردەم دراما و شانۆی کوردی چین؟
بروسك بەهائەددین: کێشەکانی بەردەم درامای کوردی جۆراوجۆرن. لەم هەرێمەی ئێمەدا و دەتوانم بڵێم کێشەکان دوولایەنەن، بەشێکیان پەیوەندی بەخودی هونەرمەند هەیە و بەشێکی دیکە پەیوەندی بەلایەنی پەیوەندیدارەوە هەیە کە دەبێت هاوکار بێت بۆ کارە هونەرییەکان، کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، سینەما و شانۆ پێویستی زۆری بەوە هەیە کەرتی تایبەت بەرهەمهێنەری کارە هونەرییەکان بێت و پیشەسازی سینەما دروستببێت و بەدڵنیایی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان خاڵی لەپێشینەی هەموو پڕۆژەیەکی دراما و فیلمن.
بۆیە دەبێت کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم هاوکارێکی زۆر باشی کارە هونەرییەکان بن و سەپۆرتێکی باشی هونەرمەندان بکەن، بۆ ئەوەی هونەری کوردی بەرەو پێش ببەین و کاری جوان و باش پێشکەش بکرێت، ئەو کارە بکرێت کە بینەرەکانمان دەیانەوێت، کاری باشیش پێویستی بە پاڵپشتی باشە لە ڕووی ماددیەوە، چونکە بە پارەیەکی کەم کاری باش بە زەحمەت بەرهەم دێت، چونکە کاری هونەری بارگرانییەکی قورسە و پێویستی بە هاوکاری زۆرە.
کوردستان24: لەڕوانگەی تۆوە، بەکێ دەگوترێت ئەکتەری باش؟
بروسك بەهائەددین: ئەکتەری باش ئەوکەسەیە کە توانای هەیە و هەموو جۆرە فۆرم و ڕۆڵێک بنەخشێنێ لەخۆیدا و ڕاستگۆیانە بیگوازێتەوە بۆ وەرگر، ئەکتەر دەبێ خوێنەرێکی باش بێت و بەردەوام خۆی تازە بکاتەوە و بخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی هەموو کات شتی نوێ فێر بێت و دانەبرێت، ئەکتەری باش دەبێ هەمیشە جددی بێت بۆ پیشەکەی و کارەکەی خۆی خۆش بوێت و ئەکتەر دەبێ بەردەوام داهێنان بکات لە هونەرەکەی. باشترین ئەکتەری کۆمێدیا لای من هونەرمەند ئەحمەد رەئوفە، چونکە کەسایەتییەکی جوانی هەیە و هەمیشە و بەردەوام خەندەی خستۆتە سەر لێوی بینەرەکانی
کوردستان24: باسێکی هونەری کۆمیدیا بکە؟
بروسك بەهائەددین: دەربارەی کاری کۆمیدیا، بەڕاستی هونەرێکی قورسە، چونکە دەبێ هەم خەندە ببەخشی بەبینەرەکە و هەم پەیامێکیش بگەیەنیت. من بە درێژایی کارکردنم لە بواری کۆمیدیا هەمیشە هەوڵم داوە باشترین پێشکەش بە بینەرەکانم بکەم، چونکە بینەری ئێستا هۆشیارە و کاری باش و خراپ دەبینێت، بۆیە دەبێ هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین بەرامبەر ئەو کارەی ئەنجامی دەدەین.
هونەری کۆمیدیا حەز و ئارەزووی منداڵیم بووە، یەکەم کاریشم لە رۆڵی کۆمیدیا لەگەڵ تیمی هونەری رەنگاڵە بوو، لەگەڵ کاك ماهیر حەسەن و ئەحمەد رەئوف و کەمال چالاك و چەندین هونەرمەندی تر. لە رۆڵی تراژیدیا لەچەند درامایەك بەشداریم کردووە وەکو نامەکانی ئەشرەف و دوا بڕیاری یاعقوب و شێر و خەت. بەڵام هەمیشە داوام لە دەرهێنەر کردووە، کە رۆڵەکەم زیاتر کۆمیدیا بێت.
بینەری کوردی لەم دۆخەی ئێستادا کاری کۆمیدی دەوێ، چونکە ئێستا خەڵک بێتاقەت و ماندووە و پێویستی بە هونەرێک هەیە کە دڵی خۆش بکات، ئێمەیش توانیومانە بە هونەرەکەمان زەردەخەنە بخەینە سەر لێوی بینەرەکانمان.
کوردستان24: هونەری کوردی، ئێستا لەبەرەوپێشچوون دایە؟
بروسك بەهائەددین: هونەری کوردی لەئێستادا وون بووە و کاری هونەری زۆر کەم بووەتەوە، ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ دوای شەڕی داعش، هەموومان دەزانین کاری هونەری پێویستی بە هاوکاری ماددیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەرباشە و کاری هونەری دەکرێت و نەوەستاوە.
درامای کوردی ئێستا زۆر باش دەبینرێت لەکوردستان بەخۆشحاڵیەوە. درامای کوردی، ئێستا لە جاران زۆر بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام پێویستە هێشتا کاری لەسەر بکرێت. سەختی زۆرە لەکاری هونەری بۆ پێشکەشکردنی کارێکی جوان بۆ بینەر دەبێت سەختییەکان تێبپەڕێنی ژیانی هونەری تۆزێک سەختە بۆئەوەی سەختیەکان تێبپەڕێنی دەبی قوربانی بدەی.
من گومانم نییە لەوەی کە گۆڕانکاری لەهونەردا لە کوردستان ڕوی نەدابێ لە رووی زانین و پیشەیی و تەکنیکیەوە، بەڵام ئەم گۆڕانکاریە بەس نییە بۆ پێشکەوتنی هونەر لە کوردستاندا، بەڵکو دەبێ بزانین هونەر چەند توانیوێتی ببێتە دۆستی کۆمەڵگاکەی، ڕاستی ئێمە لە قۆناغێکی ئاڵۆزدا دەژین، کە مرۆڤی ئەم سەردەمە سەر لێشێواوە چەوساوەی ئامێرە تەکنەلۆجیاکانە.
ئەکتەری کۆمێدیا بروسك بەهائەددین ناسراوە بە بلە، لە ساڵی ١٩٨٦ لە سلێمانی لەدایك بووە. لە ساڵی ١٩٩٤ لە تەمەنێکی منداڵییەوە دەستی کردووە بەکاری هونەری و یەکەم کاری شانۆگەرییەک بوو بەناوی (گالیگۆلا).