ئەحمەد رەئوف: خەسووم هاوكارمان نەبێت، دەبێت مووچەكەم بدەم بە خواردنی دەرەوە و دیلێیڤەری
"ئەو كەسانەی هەواڵی مردنی منیان بڵاوكردەوە سواڵی لایك و كۆمێنت دەكەن"
K24 - هەولێر
هونەرمەند ئەحمەد رەئوف لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ كوردستان24 ئاشکرای دەکات، باس لە نوێترین كاری هونەری و ژیان و گوزەرانی خۆی دەکات.
كوردستان 24: لە ئێستادا سەرقاڵی چی كارێكی نوێی هونەریت؟
ئەحمەد رەئوف: نوێترین كاری هونەریم زنجیرە درامایی ماڵەكەی عوسمانە لە بەرنامەی گەرمەساتە لە تەلەفزیۆنی دیمە، كە لە دەرهێنانی بەرزان سنجاویە.
كوردستان 24: ماوەی چەندە دەبێت لەگەڵ عیرفانی وەستا محەممەد كاری هونەریت نەكردووە؟
ئەحمەد رەئوف: ماوەی سێ ساڵ دەبێت لە بەرنامەی بەزمی بەزمەوە، لەگەڵ عیرفانی وەستا محەممەد هیچ كاری هونەریم نەركردووە، مەرجیش نییە زۆر پێكەوە دەركەوین.
كوردستان 24: هەستت بەچی دەكرد چەند ساڵێك پێش ئێستا دەنگۆی مردنت بە رووداوی هاتووچۆ لەنێوان سلێمانی هەولێر بڵاو كرایەوە؟
ئەحمەد رەئوف: ئەو كەسانەی بە ناڕاست هەواڵی مردنی منیان بڵاوكردەوە، تەنها بۆ سواڵی لایك و كۆمێنت بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كەسانە نەخۆشی دەروونیان هەیە.
كوردستان 24: چەند كاری سیناریۆ و دەرهێنانت كردووە؟
ئەحمەد رەئوف: دەرهێنانم بۆ دوو شانۆگەری كردووە بەناوی (دارستان و یاساكەی)، (دەرمانەكەی رەحیم) كە لە هەردوو شاری مانهایم و هایدلبیر لە ئەڵمانیان نمایش كراوە.
كوردستان 24: زۆرینەی رۆڵەکانت كۆمیدیایە بۆچی؟
ئەحمەد رەئوف: لە پەیمانگای هونەرەجوانەكانی سلێمانی و دەسپێكی كارەكانم بە تراژیدیا دەستم پێكرد وەك نواندنی (دیوار، مانگی ئاوابوو ، ماڵئاوا ئەی شاعیران) بەڵام دواتر و لە ئێستادا لە كۆمیدیادا خۆم بینیوەتەوە.
كوردستان 24: نێوانت لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە چۆنە كە ساڵانێك لە بەرنامەی هەمەڕەنگ پێكەوە كارتان دەكرد؟
ئەحمەد رەئوف: نێوانمان زۆرباشە بەرێزەوە سەیریان دەكەم ئەو رۆژانە لە مێژووی ژیانمان بەدرەوشاوەیەی ماوەتەوە.
كوردستان 24: لەگەڵ هاوسەرەكەت، دوو هونەرمەند لەماڵێكدا چۆن كارەكانی ماڵ رێكدەخەن؟
ئەحمەد رەئوف: ئەگەر خەسووم هاوكارمان نەبوایە ئەوا مووچەكەمان هەمووی بۆ خواردنی دەرەوە و دیلێڤەری دەبوو.
كوردستان 24: كوڕ و كچەكەت كامیان ئارەزوو دەكەن ببنە هونەرمەند؟
ئەحمەد رەئوف: لە ماوەكانی پێشوودا و لە سەرتادا زۆریان حەزدەكرد ببن بە هونەرمەند و كاری هونەری بكەن، بەڵام لەئێستادا دووركەوتوونەتەوە لە كاری هونەری.
كوردستان 24: مەرجت بۆ بەشداریت لە كاری ریكلام چی یە؟
ئەحمەد رەئوف: مەرجم ئەوەیە دەبێت تێكست و ئەكتەری بەرامبەرم بەدڵ بێت، ئەو برەپارەیەی دەمدەنێ بەری دڵ بگرێت و برێكی باش بێت.
