ئه‌فغانستان.. ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری به‌ كۆمه‌ڵ خه‌رجییه‌كان له‌سه‌ر هاوسه‌ران كه‌مده‌كاته‌وه‌

ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری به‌كۆمه‌ڵ له‌ ئه‌فغانستان
ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری به‌كۆمه‌ڵ له‌ ئه‌فغانستان

K24 – هه‌ولێر:

ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری به‌كۆمه‌ڵ له‌ ئه‌فغانستان وێڕای ئه‌وه‌ی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، هاوكات هۆكاریكه‌ بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی تێچووی خه‌رجییه‌كانی پڕۆسه‌ی هاوسه‌گیری كوڕان و پیاوانی ئه‌فغانی.

ئه‌فغانستان به‌هۆی خراپی باری ئابوورییه‌وه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌و وڵاته‌ بووه‌ته‌وه‌، له‌ چه‌ندین بواردا هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان دراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت و له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا.

له‌وه‌ته‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئه‌فغانی بۆ ده‌سه‌ڵات له‌ ئابی 2021ـدا، ئاهه‌نگه‌كانی هاوسه‌رگیری ته‌واو سنووردار كراوه‌ و به‌كارهێنانی مۆسیقاش به‌گشتی قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌ خه‌رجی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری له‌ ئه‌فغانستان له‌نێوان 145 بۆ 215 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی ده‌بێت، به‌ڵام پێشتر له‌نێوان 2850 بۆ 3600 دۆلار بووه‌.

سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ راكێشراوه‌، پێشتر خێزانێك كه‌ ئاهه‌نگی هاوسه‌گیریان بۆ كوڕه‌كه‌یان ئه‌نجام ده‌دا، له‌نێوان 300 بۆ 400 كه‌سیان داوه‌ت ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی باری گرانی ئابوورییه‌وه‌ ته‌نیا له‌نێوان 30 بۆ 40 كه‌س داوه‌ت ده‌كه‌ن.

به‌گشتی دامه‌زراوه‌ی حاجی "سیلاب"ـی خێرخوازی هاوكاری كوڕان و پیاوانی ئه‌فغانی ده‌كات له‌ ئه‌نجامدانی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیریان. به‌گوێره‌ی میدیاكان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023، دامه‌زراوه‌ی ناوبراو ئاهه‌نگێكی خێزانی بۆ 600 هاوسه‌ر رێكخستووه‌ و تێچووی ئاهه‌نگه‌كه‌شی له‌ ئه‌ستۆی خۆی گرتووه‌.

مایه‌ی رامانه‌ له‌و بۆنه‌ و ئاهه‌نگانه‌دا پۆلیسی ئه‌فغانی ئاماده‌ ده‌بن بۆ پاراستنی لایه‌نی ئاسایش و چاودێریكردنی به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی "شه‌ریعه‌تی ئیسلام" به‌و پێوه‌ره‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌مر به‌ چاكه‌ و نه‌هی له‌ خراپه‌ی حكومه‌تی تاڵیبان په‌یڕه‌وی لێ ده‌كات و ناشبێت پیاو و ئافره‌ت به‌یه‌كه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌.