لە ئێران رێژەی هاوسەرگیری کەمبووەتەوە و جیابوونەوەش زیادیکردووە

K24 - هەولێر
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسیی ئێران، لە هەر 100 هاوسەرگیری لەو وڵاتەدا 32ـیان جیادەبنەوە. رۆژنامەیەکیش رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2011 تا 2020 ڕێژەی هاوسەرگیری لە ئێران 36% کەمبووەتەوە و ڕێژەی جیابوونەوەش 28% زیادیکردووە.
ڕۆژنامەی (ئیعتماد)ی ئێرانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەر 100 هاوسەرگیری لەو وڵاتەدا 32ـیان جیادەبنەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسیی ئێران کراوە کە تێیدا هاتووە، لە چوار مانگی دوای نەورۆزی ئەمساڵدا 199 هەزار و 724 هاوسەرگیری تۆمار کراوە و لەو ژمارەیە 65 هەزار و 345ـیان لێک جیا بوونەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوون کراوەتەوە، پارێزگای مازندەران بە سەدا 48؛ پارێزگای تاران بە سەدا 41؛ پارێزگای گیلان بە سەدا 40 و پارێزگای خۆراسانی ڕەزەویش بە سەدا 40 زۆرترین ڕێژەی تەڵاقیان تێدا بووە.
هاوکات پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە سەدا 12؛ پارێزگاکانی چوارمحاڵ و بەختیاری بە سەدا 19 و پارێزگاکانی کەهگیلوویە و بویرئەحمەد بە سەدا 26، کەمترین ڕێژەی تەڵاقیان تێدا تۆمارکراوە.
ڕێژەی تەڵاق لە هەردوو پارێزگای مەزهەبیی قوم سەدا 36 بووە و خۆڕاسانی ڕەزەوی (مەشهەد) سەدا 40ـی تۆمار کراوە و ئەوەش دەری دەخات کەشی مەزهەبیی ئەو دوو پارێزگایە کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق نەبووە.
لەو ڕاپۆرتەدا ئەوەش هاتووە کە لە ساڵی 2011 تا 2022 ڕێژەی هاوسەرگیری لە ئێران سەدا 36 کەمبووەتەوە و ڕێژەی تەڵاق سەدا 28 زیادیکردووە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری و زیادبوونی ڕێژەی تەڵاق لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی (ئیعتماد)دا ئاماژە بە قەیرانی دارایی وەکو سەرەکیترین هۆکار کراوە و ڕۆژنامەی (دنیای ئابووری)یش باس لەوە دەکات کە لە نێوان ساڵانی 1990 تا 2020 وڵاتی ئێران چوار جار گرفتاری گەشەی نەرێنی ئابووری بووە و گەشەی بەهای زیادکراوی پیشەسازییش لەو وڵاتەدا شەش جار بۆ ژێر سفر دابەزیوە.
بێجگە لە هۆکاری ئابووری وەکوو بێکاری و بەرزبوونی نرخی یەکەی نیشتەجێبوون و سەبەتەی خۆراک و پۆشاک و هتد، هۆکاری کۆمەڵایەتی و کولتوورییش وەکو پەرەسەندنی ژیانی تاک و تاکخوازی کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری لە ئێران بووە.