لە ژاپۆن قاوەخانەیەک تەنیا پێشوازی لە کەسانی نەرێنی و رەشبین دەکات

K24 - هەولێر

لە لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن قاوەخانەیەک بۆ کەسانی رەشبین کرایەوە، خاوەنی قاوەخانەکەش دەڵێت: نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر ئەو بیرۆکەیەی بۆ هاتووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی سورا نیوز24ـی ژاپۆنی، قاوەخانەی "مۆری ئۆچی" کە دەکەوێتە گەڕەکێکی ئارام لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن، بەناوبانگە بە پێشکەشکردنی خواردن و خواردنەوە تەنها بۆ کەسانی "رەشبین و کڕیارانی خاوەن عەقڵیەتی نەرێنی" بەگشتی.

بە گوتەی خاوەنی قاوەخانەکە کە بە ناوی خۆیەوەیەتی، پێی وایە "هیچ شەرمێک نییە لە هەبوونی بیری نەرێنی"، گوتیشی، خۆی بە "کەسێکی دڵتەنگ" وەسف دەکات.

ئۆچی روونیشیکردەوە، بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم قاوەخانەی نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر بۆی هاتووە، بەڵام تەنها سێ ساڵ لەمەوبەر لەکاتی سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاریدا بیکاتەوە و دەشڵێت: کەسانی نێگەتیڤ زیاتر هەستیارن و بەرکەوتوون بۆ ئەوەی بە ئاسانی لەوانی تر زیان بگەیەنن، بۆیە ئەم کەشە تایبەتەم بۆ دروست کرد.

 لە درێژەی قسەکانیدا ئەو خاوەن بیرۆکەیە دەڵێت: هەمیشە خەڵک دەڵێن ئەرێنی بوون شتێکی باشە و نەرێنی بوون شتێکی خراپە، بەڵام پێموانییە بیرکردنەوەی نەرێنی بابەتێکی زیانبەخش بێت.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە زۆرێک لە کەسانی نەرێنی مەیلیان بۆ خۆپارێزی لە رەفتارەکانیاندا هەیە، ئەمەش جۆرێکە لە میهرەبانی، "پێم وابوو زۆر باشە شوێنێک هەبێت بۆ پشوودان بۆیان".

 قاوەخانەکە دیکۆرێکی دڵخۆش و لادێیی هەیە، ژووری تایبەتی هەیە کە کڕیارەکان دەتوانن بەتەنیا بن بەبێ ئەوەی نیگەران بن لە سەیرکردنی کەسانی دیکە.

 هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەو ماڵپەڕە ژاپۆنییە، تەنیا شتێکی نەرێنی لە شوێنەکەدا هەیە، ئەویش مینیوی خواردن و خواردنەوەکانە، بەتایبەتی ناوە درێژ و رۆژئاواییەکانە بۆ بەشێک لەو خواردنەوانەی پێشکەش دەکرێت.