حەسەن مەجید: لە کەرکووک تەعریب بە بەرگێکی یاسایی بەردەوامە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی شارەکە رایدەگەیەنێت، کەرکووک رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبوو بووەتەوە و لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دۆخی کورد رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشریی دووەمی 2026، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کوردستان24ـدا رایگەیاند، بە هۆی هەبوونی بۆشایی ئیداری و ئەمنی بۆ ماوەی زیاتر لە 29 رۆژ، دەنگیان بە پارێزگارە نوێیەکە (قەحتان وەنداوی) داوە و بۆ خزمەتکردنی شارەکە هاوکاری دەبن.
حەسەن مەجید رەخنەی لە سیستەمی دەستاودەستکردنی پۆست (تەدویر) گرت و گوتی: "خراپترین و شکستخواردووترین جۆری سیستەمی بەڕێوەبردن لە کەرکووک جێبەجێ کراوە، کە لە ماوەی ساڵێکدا سێیەم پارێزگار بەڕێ دەکەین."
دەربارەی دۆخی کورد و هاوسەنگیی دەسەڵات، ناوبراو ئاشکرای کرد، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە رۆژ بە رۆژ دۆخی کورد خراپتر دەبێت و لە تەواوی کەرتە ئیداری و ئەمنییەکاندا ناهاوسەنگی و نادادپەروەری هەیە، بە جۆرێک بەرکەوتەی هەڵبژاردن و زۆرینەی دانیشتووان لەبەرچاو نەگیراوە.
لەبارەی کەرتی ئەمنیشەوە روونی کردەوە، فرەهێزی و هەبوونی بازگەکان بوونەتە بارگرانی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان، بۆیە داوایان کردووە دۆسیەی ئەمنیی ناوشار رادەستی پۆلیسی ناوخۆ بکرێت و هێزێکی هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق سنوورەکان بپارێزن.
دەربارەی دۆسیەی نەوتیش ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارچێوەی کارەکانی کۆمپانیای بی پی (BP)ـدا زیاتر لە 100 کۆمپانیای لاوەکی کار دەکەن، بەڵام زۆربەیان لە دەرەوەی شارەکەوە هاتوون و خەڵکی کەرکووک لێیان بێبەش کراون. دووپاتیشی کردەوە، لە دانیشتنی داهاتوودا پێشنیاز دەکەن رێگری لە گۆڕینی رەگەزی زەوی و ناوچە سەوزاییەکان بۆ نیشتەجێبوون بکرێت و گوتیشی: "تەعریب بە شێوازێکی دیکە و بە بەرگێکی یاسایی لە کەرکووک بەردەوامە."
هاوکات قەحتان وەنداوی، پارێزگاری نوێی کەرکووک لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 بەڵێنی دا لەگەڵ تیمەکەیدا خزمەتی خەڵکی شارەکە بکات، رێگری لە بەتاڵانبردن و بەقاچاخبردنی نەوت بکات و بەدواداچوونیش بۆ دۆسیەی 7 هەزار پلەی گرێبەست بکات.