نەتەوە یەکگرتووەکان: دانیشتوانی کەرتی غەززە زۆر برسین و تامەزرۆی خواردنن
K24 - هەولێر
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاری وکاروباری پەنابەرانی فەڵەستین "ئۆنروا" رایگەیاند، دانیشتوانی کەرتی غەززە زۆر برسین و تامەزرۆی خواردنن.
تۆماس وایت، بەڕێوبەری ئۆنروا لە غەززە رایگەیاند، کەرتی غەززە بەدەست برسێتی و کارەساتەوە دەناڵێنێت، لە 40% دانیشتوانی غەززە مەترسی برسێتییان لەسەرە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە خەڵکی غەززە رۆژانە شەڕ دەکەن بۆ مانەوە و گەڕان بەدوای نان وئاودا، خەڵکەکە بەتەواوی تامەزرۆی خواردنن.
تۆماس وایت گوتیشی: "خەڵکی کەرتی غەززە بۆ سەلامەتی و مانەوە لەژیان هاوکاری زیاتری پێویستە، هەروەها لەباکووری کەرتەکە پێداویستی مرۆیی زیاتریان پێویستە".
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاترلە 240 هاووڵاتی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.
ههروهها بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە تا ئێستا زياتر له 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.
"بەگوێرەی تەندروستی غەززە ئاماری کوژرانی فەڵەستنییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 21 هەزار کەس، هەروەها زیاتر لە 56 هەزارکەسیش برینداربوون".
ئا: لاڤین عومەر