بەریتانیا: ئامادەین راستەوخۆ هێرش بکەینە سەر حوسییەکان

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەییە راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر حوسییەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە 1/1/2023، گرانت شاپسی وەزیری بەرگری بەریتانیا لە وتارێکدا کە رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف بڵاوکراوەتەوە رایگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە بەشێوەیەکی راستەخۆ هێرش بکاتە سەر حوسییەکان بۆ وەستاندنی پەلاماری گرووپە چەکدارەکان، بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی بابولمەندبی یەمەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا رۆژی یەکشەممە رایانگەیاندبوو، چەندین چەکداری حوسییەکانیان کووشتووە و بەلەمەکانیان نغرۆ کردون، دوای ئەوەی هەوڵیانداوە پەلاماری کەشتییەکی دانیمارکی بدەن لە دەریای سووردا.

وەزیری بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوەشداوە، وڵاتەکەی ئامادەیە رێکاری زیاتر بگرێتەبەر دژ بە چەکدارەکان بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە و لابردنی بەربەست و مەترسییەکان لەبەردەم هاتووچۆی ئازادانەی کەشتییە بازرگانییەکان.

بە گوێری رۆژنامەکە، یەکێک لەو رێکارانە کە دەکرێت بەریتانیا بیگرێتەبەر بریتیە لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حوسییەکان.

لە کانوونی یەکەمی 2023، بەریتانیا بەفەرمی بەشداری لەو هاوپەیمانیەتیە نێودەڵەتییە کرد، کە لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا پێکهێنرا.

حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانە پشتیوانی دەکرێن، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان زیادکردووە لە گەرووی بابولمەندب، وەک ناڕەزاییەتیەک لە هەمبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

ئاژانسی میهری ئێرانی رایگەیاندووە، کەشتییەکی تێکشکێنەر و جەنگیی ئێرانی نزیک بوونەتەوە لە گەرووی بابولمەندەب، بۆ ئەوەی لە ناوچەکە جێگر بکرێن.