نەبەز عەبدولحەمید: هەڵمەتی نەهێشتنی سیمکارتی بێ ناسنامە لە بازاڕ بەردەوام دەبێت

K24 - هەولێر

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ لیژنەکی دروستکرا لە هەموو پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کە هەڵمەتی نەهێشتنی سیمکارتی بێ ناسنامە بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی کانوونی دووەم2024، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، لەمیانی گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "لە ساڵی 2021 لە کۆبوونەوەی ژمارە63 ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری ژمارە 110 دەرچوو بۆ قەدەغە کردنی ئەو سیمکارتانەی تۆمار ناکرێن، کە ژمارەیەکی زۆر لە ساڵانی رابردوو دەفرۆشرا لەناو بازاڕی هەموو شارەکانی کوردستان".

 گوتیشی: "ئەم سمکارتانە بوونەتە هۆی کێشە و گرفتی بۆ زۆرێک لە خێزانەکان، چەندین رووداوی لێدەکەوتەوە، سەدان سکاڵا لە دادگاکان هەن بەهۆی ئەو کێشانەوە هەڵوەشاونەتەوە، هەندێک کەس لەسەر ئەم جۆرە سیمکارتانە کوژارون".

ئاماژەی بەوەشکرد: "دوای ئەوەی زانیاری بە حکومەت درا کە ئەو سیمکارتانە کاریگەری نەرێنی زۆریان هەیە و کێشەی زۆر بۆ خەڵک دروست دەبێت، لە 2/11/2021 بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەکی دروستکرا لە هەموو پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، لیژنەکانیش پێکهاتبوون لە نوێنەری یەکە کارگێڕییەکان، هەڵمەتی نەهێشتنی ئەو جۆرە سیمکارتانە بکرێت ئێمەش وەک قایمقامی هەولێر دەستبەکاربوون".