درێژترین مانگرتنی پزیشکان لە مێژووی بەریتانیا دەستیپێکرد

.
.

K24 - هەولێر

پزیشکانی نەخۆشخانەکانی بەریتانیا درێژترین مانگرتنی بەردەوامیان لە ماوەی حەوت دەیە لە مێژووی خزمەتگوزاری تەندروستی بەریتانیا دەستپێکرد.

پزیشکە سەرەتاکان "واتە لە خوار ئاستی راوێژکارەوە" دەستیان بە مانگرتن کردووە کە شەش رۆژ دەخایەنێت، ئەمەش بەهۆی ناکۆکیان لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکە سەبارەت بە مووچە.

ئەم هەنگاوە بە یەکێک لە رووداوەکانی ساڵدا دەژمێردرێت لە بەریتانیا، بۆ ئەو دەستەیەی کە دەوڵەتەوە پارەی بۆ دابین دەکات، کە لە ئێستادا چەندین نەخۆشی، وەک هەناسەدان و ئەنفلەوەنزا لە وەرزی زستان لە بەریتانیا بڵاوبووەتەوە.

 مانگرتنی پزیشکان، راستەوخۆ سێ رۆژە پێش جەژنی کریسمس ئەنجامدرا.

ئەو دەستەیە بۆ مانگرتنی ئەم دواییە رایگەیاند، نیوەی کارمەندانی کەرتی تەندروستی دەتوانن بەشداری مانگرتنەکە بکەن، کە ئەویش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هەموو چاودێرانی رۆتینی کەرتی تەندروستی دەبێت.

ستیڤن بۆیس بەڕێوەبەری NHS گوتی: "رەنگە ئەم مانگی یەکە سەختترین دەستپێکی ئەم ساڵە بێت کە NHS تا ئێستا رووبەڕووی بووەتەوە".

کۆمەڵەی پزیشکانی بەریتانیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا مانگرتنەکەی راگەیاند، سەندیکاکەش لای خۆیەوە ئاماژەی بەوەداوە، پێشنیاری زیادکردنی مووچەی 3% بۆ پزیشکە سەرەتاکان کراوە، ئەمە جگە لەو زیادکردنەی کە لە سەرەتای ئەمساڵدا بەڕێژەی لە سەدا 8.8 یان پێدراوە، بەڵام دەستەکە ئەو پێشنیارەی رەتکردەوە، چونکە ئەو بڕە پارەیە بە شێوەیەکی نا یەکسانی بەسەر پزیشکانی ئاست جیاوازدا دابەش دەکرێت و زۆرێک لە پزیشکان مووچەکەیان کەم دەبێتەوە.

لە مانگی ئازارەوە پزیشکە سەرەتاییەکان لانیکەم حەوت جار مانیان گرتووە، ئەمەش لەلایەن سەرۆکوەزیران ریشی سوناک و سەرۆکە باڵاکانی نەخۆشخانەکانەوە رەخنەی لێگیرا.

هەروەها زۆرجار NHS هۆکار بووە بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانە کە دوای جەژنی کریسمس لە نەخۆشخانە وەرگیراون، چونکە هەندێک کەس مۆڵەتییان وەرگرتووە، تاکو جەژن لەگەڵ کەسە نزیکەکانیان بکەن.

لە ئێستاوە تەندروستی بەریتانیا رووبەڕووی دواکەوتنی کاتی نەشتەرگەرییەکان بووەتەوە، کە بەشێکی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ19 Covid و کەمیی بودجەش بەلایەکی دیکەوە.

جولیان هارتلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خزمەتگوزاری کە سەرپەرشتی گرووپەکانی نەخۆشخانەکان دەکات لە بەریتانیا گوتی، ئەم مانگرتنە کاریگەری بەرچاوی لەسەر نەخۆشەکان دەبێت، دەشڵێت: زۆربەی نەشتەرگەرییەکان و چاوپێکەوتنەکان دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە.

راشیگەیاند، لە ئێستادا راوێژکاران جێگەی پزیشکە سەرەتاکان دەگرنەوە، وەک بەشەکانی منداڵبوون و چاودێری چڕ، خزمەتگوزارییەکانی چاودێری فریاگوزاری تاکو کارەکان نەوەستن.

هارتلی، گوتیشی: ئێمە زۆر نیگەرانین لە کاریگەرییەکانی چەند رۆژی داهاتوو، کە روودەدەن لە نەخۆشخانەکانی بەریتانیا.

ئا: لاڤین عومەر