بوونی نووسینگەیەکی حەماس لە باشووری بەیرووت دانیشتووانەکەی شۆک کرد

باشووری بەیرووت
باشووری بەیرووت

K24 – هەولێر:

تەقینەوەکەی دوێنێی باشووری بەیرووت، دانیشتووانی ناوچەکەی تووشی شۆک کرد کاتێک زانیان نووسینگەیەکی بزووتنەوەی حەماس لە شوێنەکەدا هەیە.

شەوی سێشەممە (2ـی کانوونی دووەمی 2024) ساڵح عارووری، جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، لەگەڵ شەش کەسی دیکە کە دوانیان سەرکردەی باڵای سەربازی بزووتنەوەکەن لە باشووری لبانان گیانیان لەدەستدا.

دانیشووانی باشووری بەیرووت تووشی شۆك و نیگەرانی بوون، کاتێک زانییان نووسینگەیەکی بزووتنەوەی حەماس لەو شوێنەدا هەیە، هەروەها پێشبینی دەکەن تەقینەوەکە لە رێگەی درۆنێکەوە ئەنجامدرابێت.

باشووری شاری بەیرووت ئەو شوێنەیە کە حزبووڵڵا دەسەڵات و هەژموونی لەوێدا هەیە، هاوکات بەرپرسێکی حزبووڵڵای لوبنان لە شوێنی رووداوەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت رایگەیاند، "سێ هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل باڵەخانەیەکیان کردووەتە ئامانج"، هاوکات کوژرانی حەوت کەسی پشتڕاستکردەوە.

ئەحمەدی تەمەن 40 ساڵ، کە ئامادەنەبوو ناوی تەواوی خۆی ئاشکرابکات، لە دووکانێکی شیرینی فرۆشتنی نزیك لەو باڵەخانەیە کار دەکات کە کرایە ئامانج، دەڵێت:"بیستم سێ تەقینەوە روویدا، سەرەتا پێم وابوو گەردەلوولە". ئاماژەی بەوەشکرد، "کەس نەیدەزانی نووسینگەی حەماس لێرە هەیە".

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی فەرمی باڵاخانەکە بە دووکان و شوێنی نیشتەجێبوون و کلینیکی پزیشکی دەورە دراوە. 

"جەنگی وێرانکردن"

لای خۆیەوە محەممەد بۆرجی (46 ساڵ) رۆژنامەنووس، گوتی: "لەلای پزیشکی ددان بووم کە چەند مەترێک لە شوێنی رووداوەکە دووربووم، هەروەها ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆستییە دەکەم کە ناوەڕاستی ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی کردە ئامانج.

ناوبراو راشیگەیاند لە باشووری شارەکە، "ئەو شوێنانە هەن کە لە کاتی شەڕی تەمموزی 2006دا لەگەڵ ئیسرائیل کرانە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکرد، " باشووری شارەکە بووەتە دروشمی رووبەڕووبوونەوە و بەرخودانەکان".

باسی لەوەشکردووە، ئەو ناوچەیە "لەو کاتەدا تووشی جەنگی وێرانکردن بووە، هەروەک چۆن ئێستا لە غەززە روودەدات".

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، سنووری لوبنان و ئیسرائیل رۆژانە شایەتی بۆردومانی نێوان حزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل بووە.  ئەمەش بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 165 کەسی لوبنانی کە 120 کەسیان ئەندامی حزبووڵڵان.

عەلی فەران، بەرپرسێکی پۆلیسی ناوچەی باشووری لوبنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "ئێمە لێرە ناوچەی جەنگ نین، ناوچەی جەنگ لەسەر سنوورە." ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لە ساڵی 2006دا ئیسرائیلمان تاقیکردەوە کاتێک باشووری لوبنانی وێرانکرد"

گوتی، "ئێستا چاوەڕوانی خراپتریای لێدەکەین، چونکە ئیسرائیل خووی بەو شتانە گرتووە، ئەوەی لە غەززە دەیبینین، رەنگە لە لوبنانیش هەم دیسان بیبینین".

نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، بۆردومانکردنی نووسینگەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە بە "تێوەگلانی" لوبنان لە شەڕی غەززەدا زانی و داوای لە عەبدوڵڵا بو حەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان کرد سکاڵایەک پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.

سوپای ئیسرائیل راستەوخۆ هیچ لێدوانێکی لەسەر کوشتنی عارووری نەداوە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە "ئامادەکاری بۆ هەموو سیناریۆکان دەکات".