ئاری نانەکەلی: کۆمسیۆن هەرجارە و بە بیانوویەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخات
K24 - هەولێر
ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەرجارە و بە بیانوویەک یاخود بە سکاڵای لایەنێک هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دوادەخات.
لەمیانی بەشداریکردن لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، ئاری نانەکەلی گوتی: "پارتی خاوەنی دەستکەوتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە لە دوای راپەڕین، هەر بۆیە پارتی لەگەڵ ئەوەیە لە هەموو قۆناغێکدا هەڵبژاردن بکرێت، لە ماوەی رابردووشدا پارتی وەک هێزێکی گەورە لە کوردستان و عێراق هەمووکات لەگەڵ ئەوە بووە پڕۆسەی هەڵبژاردن دوا نەخرێت".
گوتیشی: "پڕۆسەی هەڵبژاردن تەنیا پەیوەندی بەلایەنی پارتییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هەموو خەڵکی کوردستانەوە هەیە، بۆیە پێموایە پارتی لەوبارەوە هەنگاو دەنێت، وەک حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمیش هەنگاویان بۆ ناوە، پارتی پێی وایە هەڵبژاردنەکان دوانەخرێن و لەکاتی خۆیدا بکرێن، بەڵام بەداخەوە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان هەندێک کۆسپ و تەگەرە هاتووەتە بەردەمی، بەتایبەت کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەبێت خۆی ئەنجامی بدات، هەرجارە بە بیانوویەک کۆسپ و تەگەرەیەک دەخاتە ناو هەڵبژاردنەکان".
ئاری نانەکەلی، راشیگەیاند: "ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن هەر خۆی لەخۆیدا مەترسییەکی گەورەیە، پەکخستنی پڕۆسەی سیاسییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەمیش ئەم دامەزراوەیە کە کارا نییە پێویستە کارا بکرێت و هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە بیانووی لایەنێک کە سکاڵا پێشکەش دەکات، هەڵبژاردن دوای دەخات بۆ کاتێکی دیکە، من پێموایە ئەوانەی رێگرن لە پڕۆسەی هەڵبژرادن و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن، لە ئەنجامی پڕۆسەکە و بەشداری کردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەترسن کە تێیدا سەرکەوتوو نەبن".
ئەم گوتانەی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لەکاتێکدایە دوێنێ 3/1/2024، د. عیماد جەمیل، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی دواخستنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر کورسی پێکهاتەکان بۆ 21ـی ئهم مانگه، کۆمسیۆن ناتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.
گوتیشی: دانیشتی دادگای فیدراڵی بۆ 21ـی ئهم مانگه دواخراوە و بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر کورسی پێکهاتەکان، بۆیە ئەو ماوەیەی لەبەردەم کۆمسیۆنە ناتوانێت ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان.