بەرنامەی باسی رۆژ تاوتوێی هێرشه درۆنییهكان و ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق دەکات
K24 – هەولێر:
لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بۆ سەر بارەگاکانی ئەمەریکا لە عێراق و نوێترین پێشهاتی دۆخی ئەمنی عێراق، شارەزیان و شرۆڤەکارانی سیاسی و ئەمنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 راو سەرنجی خۆیان خستەڕوو، کە پێیانوابوو عێراق هەمیشە پێویستی بە ئەمەریکایە و، بوونی هێزەکانی ئەمەریکاش لەو وڵاتە لەسەر داوای حکومەتی عێراقە.
لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە؛ بەرپرسیارییەتی خۆیان لە زیاتر لە 150 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا راگەیاندووە. لە بەرامبەردا ئەمەریکاش چەند جارێک بارەگاکانی ئەو گرووپانەی لەنێو عێراق و سووریادا کردووەتە ئامانج، دواین هێرشیش ئەمڕۆ ئەمەریکا بارەگایەکی بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج.
غانم عابد: بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان خۆیان درۆن دروست دەکەن
غانم عابد، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بابەتێکە پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە هەیە، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا بە دڵنیاوە هەڵوێستێک بووە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە، ئەوەی لێی بەرپرسیارە حکومەتی عێراقە، ئایا ئەم فڕۆکانە بە فەرمانی حکومەتی عێراق هاتوونە ژوورەوە یان سەرپێچی بووە ئەوە دەبێت سوودانی و وەزارەتی بەرگری عێراق وەڵام بدەنەوە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسی و ئەمنییە، راشیگەیاند، حکومەتی عێراق دەتوانێت رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریکا پووچەڵ بکاتەوە و وابکات هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکشێنەوە.
لەبارەی گرووپە چەکدارەکان، غانم عابد، گوتی: ئەو گرووپە چەکدارانە خۆیان درۆن دروست دەکەن، دەکرێت ئەو بابەتە لە ناوخۆی هەر وڵاتێک دروست بکرێت، هەروەها ئەو گرووپە چەکدارانە ئەزموونیان لە دروستکردنی چەکیش هەیە، کارگەی تایبەت بەو کارەیان هەیە، زۆرجاریش ئێران هاوکاریان دەکات و پڕ چەکیان دەکات.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسی و ئەمنییە، لەبارەی پێویستی حکومەتی عێراق بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، باسی لەوەکرد، عێراق لەوە تێگەشتووە لە رووی سەربازییەوە پێویستی بە ئەمەریکا هەیە و دەستبەرداری تواناکانی نابێت، هەروەها لە رووی ئابووریشەوە عێراق پێویستی بە ئەمەریکایە، چونکە پارەکانی عێراق سەرجەمی لە بانکەکانی ئەمەریکایە.
غانم عابد، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەگەر ئەم گرووپە چەکدارانە لە کاردانەی هێرشەکەی ئەمڕۆ هێرش بکەنەوە سەر ئەمەریکا ئەو کاتە ئەمەریکا هەمان شێواز دژی ئەوان بەکاردەهێنێتەوە و هەڵدەستێت بە کووشتنی ژمارەیەکی سەرکردەکانی ئەو گرووپە میلیشیانە، بۆیە دەبێت حکومەتی عێراق کۆنترۆڵی ئەو گرووپانە بکات.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسی و ئەمنییە، ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە عێراق شکستی هێناوە لەوەی خۆی بە دوربگرێت لە سیاسەتی بەرەکان، عێراق هاوپەیمانی ئەمەریکا و ئێرانە دەیتوانی هاوسەنگییەکە رابگرێت، بەڵام کێشەکە لەنێو ماڵی شیعەیە، کە بەشێکیان ئارەزووی فراوانکردنی جەنگی غەززەیان هەیە، بەڵام بەشێکی دیکەی نێوماڵی شیعە لەگەڵ ئەوە نییە جەنگەکە فراوان بێت و ئەمەریکا هێزەکانی بچێتە دەرەوە.
غانم عابد، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەمەریکا بکشێتەوە لە عێراق، ئەوا بۆشاییەکی ئەمنی زۆر دروستدەبێت کە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دووبارە دەرکەوتنەوەی گرووپە تیرۆرستییەکان.
عەقیل تائی: هێزەکانی عێراق دەتوانن خاکەکەیان بپارێزن
عەقیل تائی، توێژەر و پسپۆری ئەمنی، ئاماژەی بەوەکرد، ئەمەریکا لەژێر ناوی راهێنان بە سووپای عێراق و پێشمەرگە لەو ناوچەیەن بۆیە پێویستە لەژێر سەرپەشتی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بن لە عێراق، هەروەها لەژێر سەرپەرشتی حکومەتی عێراقدا بن، بەڵام هێزەکانی ئەمەریکا هێزی شەڕکەرن و هێزی ئاسمانیان هەیە و لەژێر سەرپەرشتی حکومەتی عێراق نین.
ئەو پسۆڕە ئەمنییە، دەڵێت: لە ئێستادا هێزی سەربازی لە عێراق هەیە و شەڕی داعشیان کردووە پێشمەرگە بەهەمان شێوە شەڕی داعشی کردووە، بۆیە پێویستیان بە هێزەکانی ئەمەریکا نییە، بۆیە پێویستە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بچێتە دەرەوە، چونکە هێزەکانی عێراق دەتوانن خاکەکەیان بپارێزن.
عەقیل تائی، ئاماژەی بەوەشدا، سەرپێچیەکانی ئەمەریکا و پێشێلکردنی سەروەری عێراق سوکایەتییە بە خەڵک و حکومەتی عێراق، راستە بەرەی مقاوەمە بەرەی مقاوەمە چەند جارێک ئەوانی بە ئامانج گرتووە، بەڵام هێرشکردنە سەر بنکە سەربازیەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەغدا ئەمە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە.
ئەو پسۆڕە ئەمنییە، هیواخوازە ئەمەریکا لەلایەنی ئابووریەوە فشار لە عێراق نەکات و گوتی: دەبێت ئەمەریکا بە پلان لە عێراق بچێتە دەرەوە، ئەو کاتە دەتوانین دۆست بین و پەیوەندی ئابووریمان هەبێت و پڕ چەکمان بکەن.
عەدالەت عەبدوڵڵا: بەشێکی گرووپە چەکدارەکان لە لیستی تیرۆری ئەمەریکا دان
عەدالەت عەبدوڵڵا، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی، دەڵێت: حکومەتی عێراق بەشێکی ئەو گرووپە چەکدارانەی لەناو سیستەمی بەرگری عێراق جێگا کردووەتەوە، لە هەمان کاتدا ئەم هێزانە بەشێکیان لە لیستی تیرۆری ئەمەریکان، ئەمەش کێشەی بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە و بە ئاسانی ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات.
گوتیشی: ئەمەریکییەکان لەگەڵ دەستبەکاربوونی سوودانی، لەگەڵیدا رێککەوتبوون کە ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە رابردوودا دۆسیەکی باشیان نەبووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراقدا، نابێت رۆڵێکی گەورەیان لەناو سیستەمی بەرگری عێراق پێبدرێت، بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراق پابەندی ئەو رێککەوتنە نەبوو.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی سوودانی نەیتوانیوە کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان بکات، هەروەها نەیتوانیوە وایان لێبکات هێرشەکانیان بۆسەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان رابگرن.
عەدالەت عەبدوڵڵا، دەشڵێت: لە ساڵی 2021 بۆ ساڵی 2023 ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بۆ 100 هەزار کەس زیادی کردووە، لە بەرامبەردا هێزی چەکداری سیستەماتێکی دەوڵەت تەنیا 30 هەزار زیادی کردووە، هەروەها بەشێک لە پێکهاتەی حەشدی شەعبی پابەندی کارنامەکەی حکومەتی سوودانی نین.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، باسی لەوەکرد، سوودانی هەموو کاتێک دەڵێت هێرش کردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا هێرشێکی تیرۆرستییە هەموو کاتێکیش ئەم کردەوەیە لەلایەن بزووتنەوەی نوجابا، عەسایبی ئەهلی حەق و حزبووڵڵا کە سێ گرووپن خۆیان لەناو حەشدی شەعبی خۆیان رێکخستووە، بە ئاشکرا راگەیەندراو دەردەکەن دژی ئەمەریکا، لە کاتێکدا ئەمە ئەرکی حکومەتی عێراقە نەک ئەوان.
گوتیشی: گرووپە چەکدارەکان کێشە بۆ حکومەتی عێراق دروست دەکەن، هەورەها بەشێک لە شیعەکانیش لەگەڵ ئەودا نین کە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بچنە دەروە، بەشێکیش لەگەڵ ئەوەن بچنە دەرەوە، کە دیارە بە فشاری کێ ئەو هەڵوێستەیان هەیە.
عەدالەت عەبدوڵڵا، جەخت لەوە دەکاتەوە، سوودانی ناتوانێت هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بخاتەدەرەوە، چونکە هیچ گرێنتییەک نییە کە بتوانێت خۆی عێراق بپارێزێت، ساڵی رابردوو چەندین جار گرووپپی داعش کاری تیرۆرستی کردووە ئەمەش بەڵگەیە کە عێراق پێویستی بە ئەمەریکایە.