شەڕی غەززە زۆرترین کاریگەری لەسەر عێراق هەبووە
K24 - هەولێر
عێراق لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین کاریگەری شەڕی غەززەی لەسەرە، چونکە لەدوای دەستپێکردنی شەڕەکە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق پێکهێنرا؛ دەیان جار هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا و، ئەویش وەڵامی هێرشەکانی داونەتەوە.
شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە جارێکی دیکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کۆڵاند. هاوسۆزەکانی غەززە لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە دەستیان بەهێرش بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا کردووە کە پاڵپشتی سەرەکی ئیسرائیل تۆمەتباری دەکەن.
دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی کە بارەگای سەرەکییان لە عێراقە، بەبەکارهێنانی درۆن و مووشەک دەستیان بە بۆردوومانکردنی بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق سووریا کرد. ئەوەش وەک کاریگەریی شەڕی غەززە لەسەر دۆخی عێراق لێکدەدرێتەوە.
لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا ئەوە دەردەخەن، لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان وەک بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق ناساندووە زیاتر لە 120 جار بنکەکانی ئەمەریکایان لە عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج. لەسەرجەم راگەیەندراوەکانیشیاندا هۆکاری هێرشکردنە سەر ئەمەریکا بۆ پشتیوانی ئەو وڵاتە لە ئیسرائیل دەگەڕێننەوە. هێرشەکانیشیان بوونەتە هۆی برینداربوونی نزیکەی 70 سەرباز و کارمەند لەو بنکانە.
لە بەرامبەردا ئەمەریکا چوار جار بنکە و پێگەی گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا و عێراق بۆردوومانکردووە و دەیان تۆن چەکی کۆگاکراویشی لەناوبردووە. ئامانج لە هێرشەکانیشیان وەک واشنتن باسی دەکات، بەرگریی لەخوکردن بووە.
لەوبارەیەوە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا راپۆرتێکی دەربارەی بۆردومانکردنی پێگەیەکی حەشدی شەعبی لە چواری ئەم مانگە لە بەغداد بۆ کۆنگرێس ناردووە و تێیدا روونیکردووەتەوە "ئامانجی هێرشەکان بەرگریکردن لە سەربازە ئەمریکییەکان بووە. ئامادەین بۆ گرتنەبەری رێکاری دیکە لەئەگەری زیادبوونی هەڕەشەکان". جەختی لەوەشکردەوە، "هێرشەکان پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان نین".
بەرپرسانی سیاسی و سەربازی عێرق لە زیاتر لە بۆنەکەیدا هۆشدارییان داوە، تا شەڕی غەززە بەردەوام بێت کاریگەرییەکانیشی لەسەر عێراق بەردەوام دەبێت. بەو پێیەی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی سوورە لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەمەریکا دەست لە هاوکاریکردنی ئیسرائیل هەڵنەگرێت؛ بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر بارەگاکانی لە عێراق و سووریا.