سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات

K24 - هەولیر

سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد، ئەویش خۆشحاڵی خۆی بەدیداری سەرۆک بارزانی نیشان دا و سوپاسی رۆڵ و پشتگیری بەردەوامی سەرۆک بارزانی کرد.

رۆژی دووشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا باڵیۆزی فەرەنسا کە بەمەبەستی ماڵئاویی و بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، خۆشحاڵی خۆی بەدیداری سەرۆک بارزانی نیشان دا و سوپاسی رۆڵ و پشتگیری بەردەوامی سەرۆک بارزانی کرد، لەو ماوەیەی کە وەک باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کاریکردووە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەبارودۆخی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی عێراق و ناوچەکە و رووداوەکانی ئەم داوییانە کران و بیروڕا لە بارەی دۆخەکە بە گشتیی ئاڵوگۆڕکران

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی رۆڵی بەرچاوی باڵیۆزی فەرەنسای کرد کە توانی پەیوەندییەکی باش و بەرچاو لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان دروست بکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.

پەیوەست بە بارودۆخی عێراقیش هەردوولا جەختیان لەوەکردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایشی عێراق بکات و یاسا سەروەربێت. پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و رێکارەکانی باشترکردنی ئەم پەیوەندییانە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.