ئومێد خۆشناو بۆ راوێژکاریی فەرماندەیی سوپای ئەڵمانیا: ئاسمانی کوردستان بپارێزن

کۆبوونەوەی پاریزگاری هەولێر لەگەڵ راوێژکارانی سوپای ئەڵمانیا
کۆبوونەوەی پاریزگاری هەولێر لەگەڵ راوێژکارانی سوپای ئەڵمانیا

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هەولێر و راوێژکارانی فەرماندەیی سوپای ئەڵمانیا، هێرشە درۆنییەکانی سەر بنکە و پێگە سەربازییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە تاوتوێ دەکەن و، پارێزگاری هەولێر داوا دەکات هاوپەیمانان ئاسمانی هەرێمی کوردستان بپارێزن.

ئەمڕۆ دوو شەممە (8-ی کانوونی دووەمی 2024)، پارێزگاری هەولێر لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر و، راوێژکارانی فەرماندەیی سوپای ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لویزا رۆیمەر و ماکس کۆبوونەتەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، پارێزگاریی هەولێر لەو کۆبوونەوەیەدا سوپاسی ئەڵمانیایی کردووە کە لە شەڕی دژی داعش هاوکاریی و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە، سەرباری  راهێنانە بەردەوامەکانیان پێیان، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی پارێزگای هەولێری بۆ سەرخستنی ئەرک و کارەکانی راوێژکارانی فەرماندەیی سوپای ئەڵمانیا دووپاتکردۆتەوە.

پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، ئومێد خۆشناو  لەگەڵ راوێژکارانی سوپای ئەڵمانیا، باسیان لە گرنگیی هاوکاریی و هەمانگی دوو لایەنە کردۆتەوە لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە، لە کاتێکدا هێرشی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان دەکرێنە سەر بنکە و هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە، بۆیە پارێزگاریی هەولێر داوایکردووە هاوپەیمانان ئاسمانی هەرێمی کوردستان بپارێزن.

راگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، راوێژکارانی سوپای ئەڵمانیا پشتیوانی و هاوکاریی وڵاتەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردۆتەوە.

بەگوێرەی دانپێدانانی گرووپەکان و سوپای ئەمەریکا، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، زیاتر 150 هێرش لەلایەن گرووپە چەکدارە عێراقییەکانەوە کراوەتە سەر بنکە و ئامانجە دیاریکراوەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کە حکومەتی فیدراڵی لە چەند لێدوانێکی فەرمیدا دووپاتی هەڵوێستی واشنتنی کردووەتەوە کە لەسەر داوای بەغدا لە عێراقن بۆ هاوکاریکردنیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.