وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکرێت

هۆلی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان
هۆلی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

وابڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی خشتەی کاری کۆمیسیۆن و دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

رۆژی (10ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لە تایبەتمەندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا بۆیە لە هەماهەنگیدا دەبین لەگەڵیان بۆ دیاریکردنی رۆژێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لە هەمان رۆژدا، نووسینگەی سەرۆکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسراوێکی دەرکردووە کە ئاماژەی بەوە دەکات، خشتەیەکی نوێ بۆ کارەکانی کۆمیسیۆن بۆ سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی کارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەکرێت.

هۆکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن

رۆژی (3ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا کە رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، هۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دابینکردنی بودجەی پێویست بووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکان.

لە کۆبوونەوەی رۆژی 12ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023ـی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا به‌ گواستنه‌وه‌ی بڕی (43,769,149,000) دینار لە چوارچێوەی بودجەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و گواستنەوەی بڕی (25,460,851,000) دینار لە یەدەگی فریاگوزاری لە چوارچێوەی بودجەی ته‌رخانكراوی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بودجەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

بەگوێرەی لێدوانێکی پێشووتری بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەزارەتی دارایی فیدراڵی دواکەوتووە لە دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە و گواستنەوەی بۆ سەر هەژماری بانکی کۆمیسیۆن، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی لەدوای سەری ساڵەوە بەهۆی سەرقاڵیشیان بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە، توانیویانە دەست بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

هەروەها لەبارەی دواکەوتنی زیاتری بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون وایکردووە، کۆمیسیۆن نەتوانێت بەشێوەیەکی تەواو کاروبارەکانی خۆی بەڕێوەببات، لەبەرئەوەی هەر دواخستنێکی هەڵبژاردن دەبێتە هۆی ئەوەی ناچاربن تۆماری دەنگدەران نوێ بکەنەوە چونکە ئەو کەسانەی تەمەنی 18 ساڵی تەواو دەکەن و مافی دەنگدانیان هەیە، پێویستە سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن بکەن و زانیارییەکانی خۆیان تۆمار بکەن.

دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن بڕیاردەدات

دوای چەندین جار لە دواخستنی دانیشتنەکان، بڕیارە دادگاى فیدراڵى لە (21ـی کانوونى دووەمى 2024)، جارێکی دیکە کۆببێتەوە و چارەنووسی ئەو دوو سکاڵایەی لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، نوێنەری کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون، یەکلایی بکاتەوە و بڕیاری کۆتایی بدات لەبارەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە یەک بازنەیی یان فرە بازنەیی، هەروەها ژمارەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان.

رۆژی (27ـی کانوونی یەکەمی 2023) دادگای فیدراڵی بۆ جاری حەوتەم بڕیاردانی لەبارەی ئەو دوو سکاڵایە دواخست بۆ رۆژی (21ـی کانوونی دووەمی 2024) کە سکاڵاکانیش لەسەر ماددەکانی 1، 9، 15، 22 و 36 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان کە دژی ئەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان کەمبکرێتەوە یاخود دابەش بکرێت بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێکهاتەکان 11 کورسی کۆتایان لە پەرلەمان هەیە بەشێوەیەک پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسی بۆ کلدان و ئاشووری و سریانەکان و یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان، کە لەسەر بنەمای هەمان یاساش، شێوازی دەنگدان و کێبڕکێ کردن لە نێوان دەنگدەران و نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە دەبێت بەشێوەی یەک بازنەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

دوای راپەڕینەکەی بەهاری 1991، لەسەر بڕیاری بەرەی کوردستانی، ساڵی 1992 هەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا کە تاوەکو ئیستا پێنج خولی هەڵبژاردن بەڕیوەچووە. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.

وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە مانگی ئایاری ئەمساڵ، لە کاتێکدا ماوەی یاسایی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ئێستای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (7ـی حوزەیرانی 2024) کۆتاییدێت دوای ئەوەی بۆ ماوەی شەش مانگ لە (22ـی تشرینی دووەمی 2023) لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە درێژکرایەوە کە خۆی لە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆتاییدەهات. هەروەها ئاماژە بەوەشدەکات، تەمەنی کۆمیسیۆن تاوەکو پەسەندکردنی ئەنجامی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان درێژدەرکرێتەوە و رێگەش دەدات جارێکی دیکەش درێژبکرێتەوە لەسەر داوای ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ تەواوکردنی کارەکانی ئەو دوو هەڵبژاردنە.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەو وادەیەی پێشتر دیاریکرابوو لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوای ئەوەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆیان دەستپێکرد.

رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.

بەڵام ئەمە یەکەم وادە نەبوو لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە دیاریبکرێت بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی (10ـی تەمموزی 2023) سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و رۆژى (18ـی تشرینی دووەمی 2023) وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد و داواى لە كۆميسۆنى کرد ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردن له‌و رۆژەدا، یاخود له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکانی عێراق له‌ (18ـی کانوونی یەکەمی 2023).

پێشتریش لە (24ی شوباتی 2022) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی 1ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022 واژۆکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجامدانی هەڵبژاردن دواخرا.

یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

ئەگەر دادگای فیدراڵی هیچ گۆڕانکارییەک لە یاساکە نەکات، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت کە لە ساڵی 2013 هەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە 100 کورسی گشتی و 11 کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێکهاتووە.

شێوازی هەڵبژاردن بەپێی ئەو یاسایە، بە دەنگدانی نهێنی راستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار ئەنجام دەدرێت و هەر لیستێکی هەڵبژاردنیش نابێت رێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە 30% کەمتربێت و تەمەنی رێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان 25 ساڵە.

لەبارەی کورسی کۆتاکانیش، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشووری تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و یەک کورسی بۆ پێکهاتەی ئەرمەن، کە پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتانە لەسەر کورسی تەرخانکراو کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

هاوکات بانگەشەی هەڵبژاردن دوای رۆژێک لە راگەیاندنی پەسەندکردنی لیستەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە دەستپێدەکات و تا 48 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییدێت.

ماوەی خولی پەرلەمانی وەک لە یاساکەدا روونکراوەتەوە، چوار ساڵە و لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی هەڵبژێردراو دەستپێدەکات، کە تێیدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن کە بە تەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتی دانیشتنەکە دەکات تا هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ پەرلەمان، هەروەها خولی هەڵبژاردنیش لە دوا دانیشتنی خولەکە لە ساڵی چوارەم کۆتاییدێت.

هەڵبژاردنی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە لە (30ـی ئەیلوولی 2018) بەڕێوەچوو، رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 59% و لە کۆی 29 لیستی بەشداربوو، 16 لیست توانییان کورسی پەرلەمانی بە رێژەی جیاواز بەدەستبهێنن و پارتی دیموکراتی کوردستان بە 45 کورسی لە پلەی یەکەم و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە 21 کورسی لە پلەی دووەم و بزووتنەوەت گۆڕان بە 12 کورسی لە پلەی سێیەم هاتن و ئەو سێ لایەنەش وەک سێ لیستی زۆرینەی پەرلەمانی کورستان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکهێنا.

یه‌كه‌مین خولی پەرلەمانی کوردستانیش به‌پێی یاسای ژماره ‌(1)ـی به‌ره‌ی كوردستانی له (19ـی ئایاری 1992) بە بەشداری 967 هەزار و 229 دەنگدەر بەڕێوەچوو بۆ هەڵبژاردنی سەد کورسی گشتی و پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەی کریستیانەکان.

لە ‌رۆژی (30 كانوونی دووه‌می 2005)، خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدرا كه ‌هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پەرلەمانی عێراق و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی گشتی بوو كه‌ دوای رووخانی رژێمی بەعس له هەرێمی‌كوردستان و عێراق ئه‌نجام بدرێت و ملیۆنێک و 753 هەزار و 919 دەنگدەر بەشدارییان تێداکرد بۆ هەڵبژاردنی سەد و 11 کورسی لە نێوان 13 لیستی هەڵبژاردن، کە لیستی نیشتمانی دیموکراتی کوردستان بە 104 کورسی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

هەروەها لە رۆژی (25ـی تەمموزی 2009)، پرۆسه‌ی خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بەشداری 24 لیست بۆ كێبركێ له‌سه‌ر سەد و 11 کورسی بەڕێوەچوو کە 11 لیست توانیان رێژه‌ی یاسایی  به‌ده‌ستبهێنن و لیستی کوردستانی بە بەدەستهێنانی رێژەی زیاتر لە 57%ـی دەنگەکان زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانیش لە (21ـی ئەیلوولی 2013) بە بەشداری 31 لیست بەڕێوەچوو، کە 17 لیستیان توانییان کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن و لیستی پارتی بە 38 کورسی پلەی یەکەم و بزووتنەوەی گۆڕان بە 24 کورسی پلەی دووەم و لیستی یەکێتی بە 18 کورسی لە پلەی سێیەم و لیستی یەکگرتوو بە 10 کورسی لە پلەی چوارەم هاتن.