شەش ویلایەت کێبرکێکانی هەڵبژاردن لەنێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان یەکلایی دەکەنەوە

K24 - هەولێر
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2024دا، سەرنج دەچێتە سەر هەندێک ویلایەت کە رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە کێبڕکێی نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان.
هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 سەرقاڵی و پڕ لە گێژاو بوو، لە کاتێکدا دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ویلایەتی میشیگان، جۆرجیا، ئەریزۆنا، پێنسیلڤانیا، ویسکۆنسێن و نیڤادای دا، کە سەرکەوتنی رکابەرەکەی، جۆ بایدنی یەکلاییکردبووەوە.
بەڵام مەترسییەکی دیکەی هەڵبژاردن کە ئەگەری هەیە بۆ سەرۆکی ئێستا رووبدات، بوونی کاندیدە سەربەخۆکانی بەناو "پارتی سێیەم"ـە، وەک رۆبەرت ئێف کێنێدی جونیۆر، جیل ستین کاندیدی پارتی سەوز و زانای پێشکەوتنخوازی زانکۆ کۆرنێل وێست، یان ئەوانی دیکە لە دەرەوەی ئەو دوو حزبە بە پشتیوانی ناوەندگەرایی"No Labels" کە دەتوانێت دەنگی بایدن رابکێشێت.
بەرپرسانی فیدراڵی بەدووری نازانن بەشێک یان هەموو ئەم تاکتیکانە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024دا دووبارە ببنەوە کە لە 2020 روویدا، لەو ویلایەتانەی کە بە گۆڕەپانی شەڕ دادەنرێت و دەکرێنە ئامانج.
رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" وردەکارییە پراکتیکەکانی ئەم وەرچەرخانە دەخاتە روو، بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئەو ویلایەتانەی لە ساڵی 2020دا کرانە ئامانج ئامادەن بۆ ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە ساڵی 2024دا دێتە پێش.
میشیگان باشترین هەوڵی لە نێوان شەش ویلایەتەکەدا داوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی "دەنگدەرانی ساختە"، زۆرترین پێشکەوتنی لە بەهێزکردنی سیستەمی هەڵبژاردنەکانیدا بەدەستهێناوە، دەنگدەرانی ویلایەتەکە هەموارکردنەوەی دەستووریان پەسەند کرد بۆ ئەوەی بە ئاشکرا هەر دەستوەردانێکی یاسایی یان سیاسی لە هەڵبژاردنەکاندا قەدەغە بکات.
ویلایەتی دەریاچە گەورەکان 16 دەنگی لە کۆی هەڵبژاردنەکان هەیە کە لە 538 دەنگدەر پێکهاتووە، رەنگە لە ساڵی 2024دا جارێکی دیکە ئەو 16 دەنگە بخرێتە ژێر کاریگەرییەوە، پارێزگای کەنت لە ویلایەتی میشیگان، جارێک قەڵای کۆمارییەکان بووە، بەڵام ئێستا بووەتە ناوچەیەک بۆ جوڵەی نێوان ئەو دوو حزبە سەرەکییە.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 بایدن لە جۆرجیا بە کەمتر لە 12 هەزار دەنگ لە کۆی 4.5 ملیۆن دەنگدەر لە ویلایەتی جۆرجیا شکستی بە ترامپ هێنا و بووە یەکەم دیموکرات کە لەوێ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
لە ساڵی 2020 هاوسۆزانی ترامپ رێگەیان بە پارێزەری پێشووی بەرگریکارەکەی، سیدنی پاول، دا کە کۆمپانیایەکی تایبەتمەند دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی بەڵگە تاوانکاریی هەستیارەکانی هەڵبژاردن کۆپی بکات، ئەمەش وایکرد شوێنپێهەڵگرتنی هەوڵەکانی هاوکاری نێوان بەرپرسانی هەڵبژاردن و دانەرانی پلانگێڕی قورس بێت، بۆ ئەوەی لە ساڵی 2024دا ئەمە دووبارە نەبێتەوە.
ویلایەتی ئەریزۆنا ناوەندێک بوو بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و هەوڵەکان بۆ تێکدانی پرۆسەی دیموکراسی لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی 2020 و هەڵبژاردنی خولی کۆنگرێسی ساڵی 2022.