وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: هەفتەی داهاتوو نەوت دابەش دەکرێت

لە ماوەی چوار بۆ پێنج رۆژی داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە پەیامنێری کوردستان24 راگەیاند، چاوەڕوانی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانن بۆ دیاریکردنی ئەو کۆمپانیایانەی نەوتەکە لە بەغداوە دەگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەکە روونیکردەوە، دوای ئەوەی نووسراوەکەیان پێ دەگات، راستەوخۆ رەوانەی بەغدای دەکەن. ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەمڕۆ پارە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق و تەنیا ناردنی نەوتەکە دەمێنێت."

لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوودا نەوتەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەگواسرێتەوە و دوای گەیشتنیشی، لە ماوەی یەک بۆ دوو رۆژدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

لەم قۆناخەدا بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابەش دەکرێت و نرخی هەر لیترێک 250 دینار دەبێت، لەگەڵ ئەژمارکردنی تێچووی گواستنەوەکەی.