ڕۆژانە 3 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی پاک دەگاتە هاووڵاتیان

تاقیگەی ئاو
تاقیگەی ئاو

K24-هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی بە بەرزترین ئاستی کوالێتی دەگەیەنێتە هاووڵاتیان، یەکێک لەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەش، ئاوی پاکی خواردنەوەیە کە لەرێگەی تیمی پسپۆرەوە پشکنینی تاقیگەیی بۆ دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە بەرزی ئاستی پاکییەکەی بەرلەوەی بگەیەندرێتە هاووڵاتیان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، تیمەکانی تاقیگەی ناوەندیی ئاو، ڕۆژانە نزیکەی 50 نموونەی ئاو لە پرۆژەی ئیفراز و بیرەکان وەردەگرن و لە تاقیگەدا پشکنینی کیمیایی و مایکرۆبایلۆجی بۆ ئاوەکە دەکەن، پاش دڵنیابوونەوە لە دروستییەکەی ڕێی پێدەدرێت بگاتە هاووڵاتییان، گەر نا چارەسەری زانستی بۆ دەکرێت، بۆیە ئەو ئاوەی دەگاتە ماڵان 100٪ شیاوە بۆ خواردنەوە.

لەبارەی ئاستی پاکی ئاوی خواردنەوە، فیردەوس عەلی، پشکنەری بەکتریالۆجی لە تاقیگەی ناوەندیی ئاو بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە: گرنگترین پشکنینیان جگە لە پشکنینی کیمیایی، ڕاددەی شێلوویی ئاوەکەیە، کە بەپێی پێوەری ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی، دەبێ لە 0-5 بێت، بەوەش بۆ خواردنەوە دەشێت."

بۆ دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتیانیش لە دروستی ئەو ئاوەی بۆ خواردنەوە بەکاری دێنن،نیهاد ڕەشید، بەرپرسی تاقیگەی ناوەندیی ئاو گوتی: "هەموو نموونەکانی ئاو دەخرێنە ژێر پشکنینەوە و بە پێوەری جیهانی ڕێیان پێدەدرێت بگەنە ماڵان، بۆیە سەدا سەد ئەو ئاوەی دەگاتە ماڵان شیاو و تەندروستە و بۆ خواردنەوە دەشێت."