دیندار زێباری: زیاتر له هه‌زار منداڵ له ژێر ده‌ستی داعش له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه رزگاركراون
K24 – هەولێر:
له‌باره‌ی ره‌وشی منداڵان له هه‌رێمی كوردستان، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، رایده‌گه‌یه‌نێت، بابه‌تی پاراستنی منداڵ یه‌كێكه له ته‌وه‌ره هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی جاڕنامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و حكومه‌ته‌كانی جیهان، ئێمه‌ش له‌هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقدا، كه به‌غدا چه‌ندین رێككه‌وتننامه‌ی له‌وباره‌یه‌وه په‌سه‌ندكردووه، په‌یوه‌ستین به پاراستنی مافه‌كانی منداڵ.
دكتۆر دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، به ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ناسراو له‌سه‌ر ئاستی جیهان، شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی هه‌موو پێكهاته‌یه‌ك بووه.
زێباری هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به پێی پرۆگرامێك له رێگه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی له خوێندن دابڕاون، 13 هه‌زار منداڵی گهڕاوندووهتهوهسهر خوێندن، له‌سه‌ر ئاستی پاراستنی منداڵیش، پڕۆژه یاسایه‌ك له په‌رله‌مان هه‌یه و حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ی كردووه، یونیسێف و لایه‌نه نێودهوڵهتییهكانیانیش په‌سه‌ندیان كردووه، ئه‌مه‌ش له رووی یاساییه‌وه بۆ پاراستنی منداڵ كراوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بابه‌تی منداڵ، بابه‌تی سه‌ره‌كی ئێمه‌یه و سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به گرنگییه‌وه له دۆخی منداڵان ده‌ڕوانێت.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له 2014ـه‌وه تاكو ئێستا، زیاتر له 1050 منداڵی له ژێر ده‌ستی داعش رزگاركردووه.
روونیشیكرده‌وه، خه‌ڵكانێك له رانییه و قه‌ڵادزێ كه‌یسیان له دادگا له‌باره‌ی ونبوونی منداڵه‌كانییان هه‌یه، زۆرجاریش له ناو چه‌كدارانی په‌كه‌كه ئه‌و منداڵانه جێگایان بۆ كراوه‌ته‌وه.
گوتیشی: "له‌به‌سره زیاتر له 119 منداڵ له لایه‌ن یونیسێفه‌وه تۆماركراون و چوونه‌ته ریز حه‌شدی شه‌عبییه‌وه، كه به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌مه قبوڵكراو نییه".