رووماڵ

بۆ یەکەمینجار ماڵی کوردی لە داڤۆس دەکرێتەوە

ماڵی کوردستان لە داڤۆس
ماڵی کوردستان لە داڤۆس

K24 – هەولێر:

لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی کە لە داڤۆسی سویسرا بەڕێوەدەچێت، بۆ یەکەمینجار لە شەقامی سەرەکی داڤۆس، ماڵی کوردی هاوشانی وڵاتانی دیکە دەکرێتەوە.

رۆژانی (15 تاوەکو 19ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس 2024) بەڕێوەدەچێت و بە دەستپێشخەری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە چاودێری نووسینگەی دەسستپێشخەریی و پەیوەندییەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ماڵی کوردی لە داڤۆس دەکرێتەوە.

ماڵی کوردی لە داڤۆس لە پاڵ هەریەکە لە ماڵی وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات، یۆنان، بەلجیکا، هیندستان، ئۆکرانیا، پۆڵەندا و وڵاتانی دیکە (عێراق ماڵی نییە)، لە ماوەی هەفتەی کۆڕبەندەکەدا پێشوازی لە مێوانان و بەشداربووان دەکات و بەشێک دەبێت لە پلانی بە بازاڕکردن و سەرنجڕاکێشانی وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان. 

چاوەڕێ دەکرێت لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ بەڕێوەبچێت و دیداری بەرهەمدار لەگەڵ وەبەرهێنەر و نوێنەرانی رێکخراو و دەزگا نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیا جیهانییەکان ئەنجام بدرێت، هەروەها ماڵی کوردستان لە داڤۆس چەندین دیداری سیاسی و دیپلۆماسی گرنگیش لەخۆدەگریت.

بەگوێرەی زانیارییەکان لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، چەندین چالاکی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان ئەنجام دەدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆمپانیای گەورە و کەسایەتی جیهانی بانگهێشت کراون، ئەمەش وەک پشتیوانییەک بۆ سێکتەری وەبەرهێنان و وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستان. هاوکات چاوەڕێ دەکرێت کۆمەڵێک گرێبەست بۆ پشتیوانی ئابووری کوردستان و سێکتەرە جیاوازەکان واژۆ بکرێت.