جیهان دەچێتە داڤۆس

K24 – هەولێر:
کۆڕبەندی داڤۆس 2024 بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" لە رۆژانی (15 بۆ 19ـی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەدەچێت. کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بە ئامانجی درووستکردنەوەی متمانە بۆ ماوەی پێنج رۆژ تەواوی جیهان سەرقاڵ دەکات.
ساڵ 1971، لە بڵندترین خاڵی ئەوروپا لەسەر ئاستی دەریا لە کاتێکدا کەشوهەوا سارد و بەفربارین بوو، پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر نزمببوونەوە، پیاوێکی باڵا مامناوەندی ئەڵمانی بەناوی کلاوس شواب و 32 سەرکردەی وڵاتانی دیکە بەدەوری مێزێکدا کۆبوونەوە بۆ باسکردن لە بابەتێکی گرنگ کە ئێستا ئەنجامەکەی کۆڕبەندی داڤۆسە.
کلاوس ئەو شەوە تا بەیانی بەهۆی دڵەڕاوکێوە خەوی لێنەکەوت، خەمی ئەوەی بوو بزانێت پلان و بەرنامەکەی بەچی دەگات، دەرئەنجام دوای چوار رۆژی تاقەتپڕوکێن، کۆڕبەندی ئابووری جیهان لەدایکبوو.
بۆ کۆڕبەندی داڤۆسی 2024، کلاوس و ستافەکەی بە 42 وشە و سێ ژمارە دەربارەی کۆڕبەندەکە نووسیویانە: "مەبەستمانە لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووری جیهاندا تیشک بخەینە سەر بنەما بنچینەییەکانی متمانە کە لە سەر پایەکانی شەفافیەت، هەماهەنگی و لێپێچینەوە وەستاوە."
داڤۆسی ئەمساڵ پێشوازی دەکات لە 100 حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکانیش ئامادە دەبن.
چەند رۆژێک بەر لە بەستنی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان، ترافیکی ئاسمانی سویسرا قەرەباڵغی تێدەکەوێت، سەدان فڕۆکە لە فڕۆکەخانە نزیکەکانی داڤۆس دەنیشنەوە و رۆژێک بەر لە وادەی دەستپێکردنی کارەکان، سەدان سەرکردە بە جانتای دیپلۆماسی پڕ لە پێشنیاز و بڕیار لە میوانخانەکانی شارۆچکە خنجیلانەکەی داڤۆس ئامادە دەبن.
لە داڤۆسی 2024، بەشداربووان و ئامادەبووانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان هەوڵ دەدەن ئەمساڵ پارچەکانی دڵە شکاوەکەی ئابووری جیهان بگەیەننەوە یەک، کە بەهۆی جەنگەکانی ئۆکرانیا، غەززە، دەریای سوور گۆڕانی کەشوهەواوە ورد و خاش بووە.
لە جەنگی غەززەوە بۆ ئۆکرانیا، بازرگانی و دۆخی دەریای سوور و گۆڕانی کەشوهەوا و پرسە تەکنەلۆژییەکان ئەجێندای دیدار و کۆبوونەوەکانی داڤۆس دەبێت. داڤۆس خاوەن بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان، کێشەکانی جیهان هەر ئەوەندە نین؛ لە چێشتخانەی داڤۆس ململانێکانی رووسیا و رۆژئاوا، ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی چین و ئەمەریکا لەبارەی تایوان و هەڕەشە ئەتۆمی و بەردەوامەکانی کۆریای باکوور دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ.
بۆرگ برێندە، سەرۆکی کۆڕبەندەکە ئاماژەی بەوەکردووە: داڤۆسی ئەمساڵ ئاڵۆزترینە لە رووی جیۆسیاسی و ئابوورییەوە لە چەند دەیەی رابردوو، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی چەنگی غەززە و دۆخی ئاسایشی دەریای سوور کە چاوەڕێی پێشهاتی نوێ دەکرێت.
دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێکی گرنگی لە داڤۆسی ئەمساڵ داگیرکردووە و هەرێمی کوردستانیش وەک یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکی و هاوبەشەکانی ناوچەکە، لە کۆڕبەندە ئابوورییە جیهانییەکە بەشدارە لە گفتوگۆکان و ئەو بڕیار و راسپاردانەی تایبەت بە کێشەکانی ناوچەکە دەدرێن.
هاوشێوەی ساڵی رابردووش داڤۆس لە رووی پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکانەوە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو سەرنجی وەبەرهێنەران و کارسازان رابکێشێت، بۆ ئەوەی پرۆژە و کارەکانیان لە سێکتەرە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و بەرهەم و بەرووبوومی کوردستانیش بۆ وڵاتەکانیان بکڕن.
هەندێک لە سەرکردەکانیش، ئەم کۆڕبەندەکە دەکەنە دەرفەتێک بۆ ئەوەی پردی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان درووست بکەن. بە نموونە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان باسی لە نایابی بەرهەمەکانی کوردستان کرد، دوای ئەوەش چەندین وڵات، وتیان هەنگوین و هەنار و میوەکانی دیکەی کوردستانمان بۆ بنێرن.