هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان هەماهەنگی دەکەن

K24 – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان هەماهەنگی لەنێوانیان هەیە.
ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان هەماهەنگیمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق هەیە، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست هاوکار و هەماهەنگی هەبێت لە رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و دەستگیرکردنی بازرگانان".
گوتیشی: "وەک بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیمان و ئەفسەرێکمان ئەندامن لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشان لە بەغدا، بەشداری لە کۆبوونەوەکان دەکەن و پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵیان هەیە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هیچ هێزێکی هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەری هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە؟ ئەرکان بیبانی گوتی: "هەماهەنگیمان هەیە، بەڵام هێزی هاوبەشمان نییە کە بەیەکەوە ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدەین، ئەوەی لە هەندێک کەناڵی راگەیاندن بڵاوکراوەتەوە بە هەڵە تێگەیشتنە".
راشیگەیاند: "مانگی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق سوپاسنامەیەکی تایبەتیان بەخشییە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کرد، لە بەرامبەر کار و چالاکییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان".
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی رابردوودا دوو هەزار و 482 کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، دەستگیرکراون".
هەر بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2023، دەستگیراوە بەسەر دوو هەزار و 343 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کپتاگۆن و لگزس، هاوکات دەستگیراوە بەسەر شەش هەزار و 236 شیت حەبی هۆشبەری پزیشکی و 482 کیلۆ 126 گرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر.
لەلایەکی دیکە لیوای مافپەروەر ئەحمەد زركانی، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاندووە: بۆ یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا لە دۆسییەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا، هەماهەنگییەکی پتەو لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە".
ئەحمەد زركانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی 2021دا، 500 کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها لە ساڵی 2023شدا، چوار تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
راشیگەیاندووە، لە ساڵی 2022دا سێ تۆمەتباری ماددە ھۆشبەرەكان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە لە ساڵی 2023شدا 50 بازرگانی ماددەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
پێشتر محەممەد عەتییە، بەڕێوەبەری ماددە هۆشبەرەکانی کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، "بۆ رووبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، ئێمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیمان ژمارەیەکی زۆر لەو تۆڕانە دەستگیر بکەین و رەوانەی زیندانییان بکەین".