دانەر عەبدولغەفار: سەردانەکەی مەسرور بارزانی تێروانینی بەغدای گۆڕی

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆ بەغدا، ئەنجامی ئەرێنی و باشی هەبووە و لێکتێگەیشتنی باش لە کۆبوونەوەکاندا بەدەستهاتوون.

دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، لە سەردان و کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەنجامی باش لە بەرژەوەندی حکوومەت و خەڵکی هەرێم بەدەستهاتووە و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوولایەندا هەبووە.

هاوکات گوتیشی، ئەم سەردانە لە کاتێکی گرنگ و هەستیاردا ئەنجام درا، بە هۆیەوە تێڕوانین و نیەتی نەرێنی بەغدای بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گوڕی، بە جۆرێک لە هەموو دیدار و کۆبوونەوەکاندا ئەنجامی ئەرێنی و باش بەدەستهاتوون، لە بەرژەوەندی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانن. 

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق  لە بارەی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان و چەندان بابەتی گرنگی دیکەی چارەنووسساز کۆبووەوە.

ئەمە دووەم سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە بۆ بەغدا لەمساڵدا، سەردانێکی پێشووی لە ئایاری رابردوودا بوو، بۆ پتەوکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان و تاووتوێکردنی دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بوو.