بەهۆی زریانەوە گەڕان بەدوای سێ شاخەوانەکەی چیای رندۆڵەی شنۆ راگیرا
K24 – هەولێر
بەفەرمانی سەرۆکی شارەوانیی و سەرۆکی کۆمەڵە مانگی سووری شاری شنۆ، بەهۆی زریان و کڕێوە و خراپی دۆخی کەشوهەواوە، هەڵمەتی گەڕان بەدوای سێ شاخەوانە نێسەرشوێن بووەکەی چیای رندۆڵەی شاری شنۆ بۆ کاتێکی نادیار راگیراوە.
عەلی تورابی، سەرۆکی شارەوانی شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی راگەیاندووە، هەڵمەتی گەڕان و رزگارکردنی سێ شاخەوان لە چیای رندۆڵە بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەواوە راگیراوە، هەرچەندە لە بەرە بەیانی ئەمڕۆوە تیمێکی 25 کەسی بە تەواوی پێداویستییەکانەوە بەرەو لوتکەی چیاکە سەرکەوتوون، بەڵام بەهۆی کڕێوە و زریانەوە نەیانتوانیوە پێشڕەوی بکەن.
بەگوتەی تورابی تیمەکانی پشتیوانی و فریاکەوتن لە نزیک گوندەکانی ئاڵکاوێ و زمێی سەر بە شاری شنۆ کەمپێکی کاتیان دامەزراندووە بۆ رزگارکردنی شاخەوانەکان.
لە رۆژی هەینی رابردووەوە پێنج شاخەوان لە چیای رندۆڵە بێ سەرشوێن بوون، بەڵام دوای رزگارکردنی دوو لە شاخەوانەکان، تاوەکوو ئێستا چارەنووسی سێ لە شاخەوانەکان نەزانراوە و هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، گوایە بەهۆی رندووەوە کەوتوونەتە ژێر بەفرەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئیرەج دەست نیشان، بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبانەکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندووە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە ئاستی پارێزگاکەدا شاری شنۆ زۆرترین بەفری تێدا باریوە، بەهۆیەوە رێگەی 80 گوندی سنووری پارێزگاکە داخراون، کە زۆرینەیان دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی چاڵدێران.
هەروەها ئاژانسی ئیرنا بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی زۆری بەفربارینەوە لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن لە شنۆ کراوەتە پشوو.