ئیسماعیل عەبدولعەزیز: کاروانێکی دیکەی هاوکاریی بۆ رۆژئاوای کوردستان رەوانەدەکرێت

ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی
ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایدەگەیەنێت، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازی بارزانی کاروانێکی دیکەی هاوکاریی بۆ رۆژئاوای کوردستان رەوانە دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەزگای خێرخوازی بارزانی لە یەکەم رۆژی زەمینلەرزەکە کە لە رۆژئاوای کوردستان روویدا، تیمەکانی بۆ رۆژئاوا بە تایبەت بۆ عەفرین ناردوەە، لەم دەزگایە لەم رۆژییەوە بەردەوام لەگەڵ خەڵکی عەفرین بووە و هاوکاری بۆ ناردوون.

ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی، هاوکات راشیگەیاند، ئەمە بۆ جاری شەشەمە تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی سەردانی عەفرین دەکەن و هاوکارییان پێشکەش دەکەن.

ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئاماژەی بەوەدا، ئەم هاوکارییانە لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ عەفرین دەنێردرێن.

باسی لەوەشکرد، لە شاری عەفرین سەنتەری بارزانیمان دامەزراندووە، کە سەنتەرێکی رۆشنبیرییە و شەش مانگە کاری خۆی دەکات، هاوکاری ئەم خەڵکانە دەکات کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە، هەروەها ئەو منداڵانەی کە لە عەفرینن ناونووس کراون وەک بەشێک لە پڕۆژەی ئازیزانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، مانگانە بە بەردەوامی هاوکارییان پێشکەش دەکرێت.