رووماڵ

بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران زیان بە چەند ماڵێکی دانیشتووی مەلائۆمەر کەوتووە

K24 – هەولێر

بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو زیان بەر ماڵ و خانووی، چەند هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی مەلائۆمەری سەر بە هەولێر کەوتووە.

هەڤرست رەجەب، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو، لە گوندی مەلائۆمەر چەند کەسێک برینداربوونە و زیان بەر ماڵ و خانووەکانی ژمارەیەک هاووڵاتی کەوتووە، دەرگا و پەنجەرەی بەشێک لە ماڵەکان شکاوە.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی مەلائۆمەر دەڵێت: "هێرشەکە زەرەر و زیانێکی گەورەی پێگەیاندوین، پەنجەرەی ماڵەکانمان هەمووی شکاوە، جگە لە هاتنە خوارەوەی بنمیچەی ماڵەکانمان "سەقف"، تەنیا ماڵی ئێمە نییە بەڵکو تەواوی ماڵەکانی مەلائۆمەر زیانیان بەرکەوتووە".

دەشڵێت: "ئێمە دانیشتبووین لەناو ماڵی خۆمان لەگەڵ دەنگی ئەو مووشەکانە ترساین و هەڵاتینە دەرەوەی ماڵەکانمان، وەک هاووڵاتییانی مەلائۆمەر ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە بەبێ هۆ دەکرێتە سەر شاری هەولێر، هەرجارەی بە بیانوویەک".

یەکێک لە دانیشتوانی مەلائۆمەر کە ئاوارەیەکی خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینە، بە کوردستان24ـی گوت: "هێرشەکە زەرەر و زیانێکی زۆری پێگەیاندووین، دیکۆری ماڵەکەم شێواوە و تەلەفزیۆن و هەندێک کەرەستەی دیکەی ماڵەکەم شکاوە، منداڵەکانم زۆر ترساون، شەوی رابردوو نەمانتوانیووە بخەوین و پشووبدەین، لەوە دەترسێین جارێکی دیکە بۆردومان بکرێتەوە".

کاتژمێر 11:30ـی شەوی رابردوو 15/1/2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردومان کرد، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهیدبوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش بریندارن.