ئەنتۆنی بلینکن ئیدانەی هێرش و شەڕەنگێزییەکانی ئێران دژ بە هەرێمی کوردستان دەکات

K24 – هەولێر
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و رایدەگەیەنێت، ئیدانەی توندی شەڕەنگێزییەکانی ئێران دەکەم و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نزیکە بۆ ئێمە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، تویتەری پێشوو نووسیویەتی: "دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس قسەم لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، جەختم کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نزیکی ئێمەیە. ئەمەریکا بەڕوونی هێرش و شەڕەنگێزییەکانی ئێران سەرکۆنە دەکات".
پەیامەکەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی ئێکس دوای دیدارەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس دێت، کە لە دیدارەکەدا وێڕای ئیدانەکردنی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر و کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل، رایگەیاند، حکومەتی ئەمەریکا و سەرۆک جۆ بایدن، ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی جیددی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەدەن.
Spoke with Prime Minister @masrourbarzani today in Davos following Iran’s attack on the Iraq Kurdistan Region yesterday. The Kurdistan Regional Government is a close partner, and the United States unequivocally condemns Iran’s aggression. pic.twitter.com/MadaRHhGVg
— Secretary Antony Blinken (@SecBlinken) January 17, 2024