رووماڵ

وەزیری بەرگریی عێراق: ئێران ئێمەی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر ئاگادار نەکردووەتەوە

سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق
سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگریی عێراق دەڵێت، ئێران دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر ئاگادار نەکردوونەتەوە. دەشڵێت، لەوانەیە 'رێککەوتنە ئەمنییەکەیان" لەگەڵ تاران هەڵپەسێرن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-01-2024، سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، "پێچەوانەی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراقە کە لەوانەیە هەڵبپەسێردرێت".

بە گوتەی عەباسی، ئێران بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان؛ "زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئێران و عێراق دەگەیەنێت. دەبوو تەواوی ئەو زانیارییانەی باس لە بوونی چالاکی سیخۆری لە هەولێر دەکەن، بە دەسەڵاتدارانی عێراق بدات بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت". گوتیشی، "ئێران ئێمەی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر ئاگادار نەکردووەتەوە".

وەکو ئەوەی وەزیری بەرگریی عێراق باسی کرد، سوپای پاسدرانی ئێران بە ئامانجگرتنی هەولێر، هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە دەکات، بۆیە داوا دەکەن ئەو هێرشانە رابگیرێن.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".