ماتیو میللەر: لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هەولێر دەکات، هاوکات پشتگیری ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکەین و لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبین.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پشتیوانی خۆی بۆ کوردستان دووپات کردەوە و بێ دوودڵی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.
ههروهها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".