رووماڵ

کونسوڵخانەی ئەمەریکا: هێرشەکەی ئێران دژی هاووڵاتییانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکەین

K24 – هەولێر

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر دەکات و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکات.

لە راگەیەندراوێکدا کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر دەڵێت: "بە توندی ئیدانەی هێرشە پڕ توندوتیژی و بێماناکانی ئەم دواییەی ئێران دژی هاووڵاتییانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان و هێرشە درۆنیە بەردەوامەکانی سەرتاسەری ناوچەکە دەکەین. سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیەکان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ هەموو ئەوانەی برینداربوون دەخوازین".

کونسوڵخانەی ئەمەریکا راشیگەیاند: "ئیدانەی پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق لە لایەن ئێرانەوە دەکەین، وە لە بەرامبەر ئەو هەموو هەواڵە نادروستانەی لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبوونەتەوە، دەمانەوێت روونیبکەینەوە کە لە هێرشەکانی ئێران لە 15ی کانوونی دووەمدا هیچ ناوەندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زیانیان بەرنەکەوتوون".